2 کاتژمێر پێش ئێستا
93 جار خوێنراوەتەوە
عهلی زهیدی: عێراق بهدوور دهبێت له ململانێ ههرێمییهكان
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا جەختی لە پاراستنی سەروەریی نیشتمانی کردەوە و ڕایگەیاند ڕێگە نادەن خاک و ئاسمانی وڵات بۆ ھێرشکردنە سەر دراوسێکان بەکاربھێنرێت.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە تایبەت بوو بە ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، پێشھاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانیان لەسەر ناوخۆی عێراق تاوتوێ کران. سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان ئاماژەی پێ کرد کە ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە داڕشتنی پلانێکی تۆکمە بووە بۆ پاراستنی سەقامگیری و دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێ هەرێمییەکان.
زەیدی لە میانی وتەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە پرسی چەک و پاراستنی سەروەری دەبێت تەنیا لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بن. ناوبراو ڕێنمایی توندی دەرکرد بۆ لێپرسینەوە لە هەر لایەن و کەسایەتییەک کە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی گشتی بدات، یان بیەوێت پێگەی یاسایی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ مەرامی توندوتیژی بەکاربهێنێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی پێ کرد کە ئارامیی عێراق پەیوەستە بە سەقامگیریی ناوچەکە. هەر بۆیە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد هەوڵە دیپلۆماسی و ئەمنییەکان چڕتر بکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە دەستێوەردانێک کە زیان بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەگەیەنێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە