11/08/2025
307 جار خوێنراوەتەوە
سوپای ئیسرائیل چوار ڕۆژنامەنووسی جەزیرەی تیرۆر كرد
پەیام
لە چوارچێوەی هێرشی دڕندانەی سوپای داگیركەری زایۆنی بۆ سەر كەرتی غەززە، چوار ڕۆژنامەنووسی كەناڵی جەزیرە لە بۆردومانێكدا تیرۆر كران.
675 ڕۆژە جەنگی قڕكردن و كۆمەڵكوژیی سەر غەززە بەردەوامە، درەنگانێكی شەوی ڕابردوو سوپای داگیركەر خێمەی ڕۆژنامەنووسانی لەناو حەوشەی نەخۆشخانەی شیفا بۆردومان كرد، لە ئەنجامدا ئەنەس شەریف و محەمەد قریقەع، پەیامنێرانی كەناڵی ئەلجەزیرە و ئیبراهیم زاهیر و محەمەد نۆفل، كامێرامانانی ئەو كەناڵە شەهید بوون.
تۆڕی میدیایی جەزیرە بە توندی سەركۆنەی ڕووداوەكەی كرد و ڕایگەیاند: ئەو تاوانە قێزەونە هەوڵی دەسەڵاتدارانی ئیسرٍائیلییە بۆ كپكردنی ڕاستی. داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوە پەیوەندیدارەكان كرد هەنگاوی یەكلاكەرەوە بنێن بۆ سنووردانان بۆ بەئامانجگرتنی بە ئەنقەستی ڕۆژنامەنووسان.
ئەلجەزیرە ڕاشیگەیاندووە: نەبوونی سزا و لێپرسینەوە ڕێگەی داوە كە ئیسڕائیل لە دڕندەیی و چەوساندنەوە و تاوانەكانی بەردەوام بێت.
هەروەها لە ڕاگەیەنراوێكدا سوپای داگیركەری ئیسڕائیلی دانی نا بە كوشتنی ئەنەس شەریف، پەیامنێری جەزیرە و بانگەشەی ئەوەی كرد: ئەنەس شەریف سەركردەی تیمێكی حەماس بووە و لە هێرشكردنە سەر ئیسرائیل تێوەگلاوە.
ئەنەس شەریف ڕۆژنامەنووسێكی گەنج و پەیامنێرێكی دیاری جەزیرە بوو، لە سەرەتای جەنگی سەر غەززەوە ڕووماڵی كارەسات و كۆمەڵكوژیی و ئازاری فەڵەستینییەكان دەكات، لە وەسێتەكەشیدا كە دوای تیرۆركردنەكەی بڵاو بووەتەوە دەڵێت: بە ئازار و برسێتی و لەدەستدانەوە ژیام بەڵام یەك ڕۆژ لە گواستنەوەی ڕاستییەكان كۆڵم نەدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە