10 کاتژمێر پێش ئێستا
269 جار خوێنراوەتەوە
لە پایتەختی ڤێنزوێلا دەنگی حەوت تەقینەوە بیسترا
پەیام
زنجیرەیەك تەقینەوە پایتەختی ڤەنزوێڵای هەژاند و فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكایش لە ئاسمانی وڵاتەكە بە نزمیی بەدی كراون.
میدیا ناوخۆییەكانی ڤەنزوێلا بڵاویان كردووەتەوە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ زنجیرەیەك تەقینەوە ناوچە جیاوازەكانی كاراكاسی پایتەختی ڤەنزوێلای هەژاندووە و دڵەڕاوكێ و پشێویی لای دانیشتووانی شارەكە و هاووڵاتیانی وڵاتەكە دروست كردووە و تا ئێستایش هیچ ڕوونكردنەوەیەكی فەرمی لەلایەن حكومەتی وڵاتەكەوە بڵاو نەكراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەكان، تەقینەوەكان لە هەشت شوێن ڕوویان داوە و پێگە ئاسمانییە سەربازییەكان و ناوچە هەستیارەكان، لە نێویاندا: كۆمەڵگەی سەربازی فۆرتی تۆنا و كۆمەڵگەی كارلوتا و فڕۆكەخانەی ئیگویریتی و ناوچەی لاگویرای نزیك لە فڕۆكەخانەكە و ناوچەی كەناراوی نیگویریتی، ڤەنزوێلای بەئامانج گرتووە و لە هەندێك ناوچە بووەتەهۆی پچڕانی هێڵەكانی كارەبا و ئینتەرنێت.
هاوكات ئاماژە بەوەیش كراوە "فڕۆكە و هێلیكۆپتەری جەنگی ئەمریكایش لە ئاسمانی وڵاتەكە بەدی كراوە و لە نزمییەكی كەمدا فڕیون، هەروەها بەهۆی تەقینەوەكانەوە دوكەڵێك ئاسمانی شارەكەی گرتووەتەوە".
ئەمە پێشهاتێكی بەرچاوی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ڤەنزوێلایە دوای ئەوەی واشنتۆن بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لە دەریای كاریبی هێزە دەریاییەكانی بڵاوە پێكرد و هەڕەشی هێرشی زەمینیشی بۆسەر خاكی وڵاتەكە كرد.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە