 
        
           
         
            
            7 کاتژمێر پێش ئێستا
            926 جار خوێنراوەتەوە
        
        
        سەرۆكی كۆمەڵ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی توركیا كۆ بووەوە
            
                پەیام 
لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ توركیا، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری لە وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ بەرپرسی دۆسیەی وڵاتانی عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران كۆ بووەوە.
لە درێژەی سەردانە فەرمییەكەیدا بۆ كۆماری توركیا، مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان و وەفدی یاوەری بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی توركیا كران. 
لە سەردانەكەدا، لەلایەن بەڕێز عەلی ڕەزا گونەی، بەرپرسی دۆسیەی وڵاتانی عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەزارەتی دەرەوە و چەندین بەرپرسی دیكەی وەزارەت، بەگەرمی پێشوازییان لێ كرا.
مامۆستا عەلی باپیر سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەكەی كردن و خۆشحاڵی خۆی بە پرۆسەی ئاشتی و هەوڵە بەردەوامەكان بۆ چارەسەركردنی ڕیشەیی كێشەی كورد لە توركیادا، دەربڕی. 
سەرۆكی كۆمەڵ ئاماژەی بەوەدا كە توركیا، بەگشتی بۆ عێراق و بەتایبەتی بۆ هەرێمی كوردستان، گرنگییەكی تایبەتی هەیە، چ لە بواری ئابوورییەوە بێت، چ لە بواری ئەمنی و سیاسییەوە، هەروەها هیوای خواست توركیا بتوانێت ببێتە جێنشینێكی ڕاستەقینەی دەوڵەتی عوسمانی لە پێدانی مافی گشت نەتەوە و پێكهاتەكانیدا.
لەلایەن خۆیەوە، بەڕێز عەلی ڕەزا گونەی جەختی لەوە كردەوە كە دیدگای توركیا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بریتییە لە سەقامگیری و ئاشتەوایی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ئەمنییەوە. ناوبراو هۆكاری ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ نزیكیی جوگرافی و پەیوەندییە مێژوویی و كۆمەڵایەتییە قوڵەكان لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق و توركیادا. 
هەروەها ئاماژەی بەوەدا وەزارەتەكەیان لە نزیكەوە چاودێری ئەو كێشانە دەكەن كە هەرێمی كوردستان و عێراقیان گرتووەتەوە.
هەر دوو لاش هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی چارەسەركردنی زۆرینەی كێشەكان تەنها لە ڕێگەی یەكسانتەماشاكردنی هەموو پێكهاتە و نەتەوەكانەوە وەك هاووڵاتی و دەستەبەركردنی دادگەری كۆمەڵایەتی دەبێت.
           
            
               
            
           
            
                لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە