7 کاتژمێر پێش ئێستا
127 جار خوێنراوەتەوە
ئامادەنەبوونی زۆرینەی كورد لە كۆبوونەوەی پەرلەمان بووەهۆى لابردنى تەوەرێکى تایبەت بە هەرێم
پەیام
فراكسیۆنەكانی جووتحیزبی دەسەڵاتداری هەرێم و نەوەی نوێ لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گفتوگۆ لەسەر هێرشە درۆنییەكان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، بەشدارییان نەكرد و، تەنیا سێ پەرلەمانتاری كورد بەشدار بوون، ئامادەنەبوونی زۆرینەی كورد بووە هۆی لابردنی تەوەرەكە.
چیا نووری، نێردراوی پەیام، لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پێی ڕاگەیاندین "هیچ پەرلەمانتارێكی ئەو سێ فراكسیۆنە نەچوونە هۆڵی كۆبوونەوەكەوە، تەنیا سۆران عومەر لە فراكسیۆنی كۆمەڵی داگەری و دوو پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی بەشداریییان لە كۆبوونەوەكە كرد".
تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكە لەسەر ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكەی شاری كووت بوو كە گفتوگۆی زۆری لەسەر كرا، بەڵام تەوەری دووەم كە لەسەر هێرشە درۆنییەكان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم بوو، لابرا، چونكە لەوكاتەدا سۆران عومەر سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری تاكە پەرلەمانتاری كورد بوو لە هۆڵەكەدا.
سۆران عومەر لە لێدوانێكدا بۆ پەیام، سەرسوڕمانی دەربڕی لەوەی كە بەرپرسانی هەرێم خۆیان حەشدی شەعبی بە هێرشەكان تۆمەتبار دەكەن، كەچی فراكسیۆنەكانیان لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار نەبوون بۆ ئەوەی قسە لەسەر هێرشەكان بكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە