12 کاتژمێر پێش ئێستا
77 جار خوێنراوەتەوە
مامۆستا عەلی باپیر: چیتان پێ دەكرێت بۆ خەڵكی غەززە بیكەن
پەیام
سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری بانگەوازێكی لەبارەی دۆخی كەرتی غەززەوە بڵاو كردەوە و داوای لە خەڵكی كوردستان كرد چیتان پێ دەكرێت بۆ خەڵكی غەززە بیكەن.
ئەمەش دەقى بانگەوازەکەیە:
مسوڵمانینە! چی پێتان دەکرێ بۆ خەڵکی غەززە بیکەن
غەززەییەکان بە ژن و پیاوو منداڵ و ساغ و نەخۆشەوە بە بەرچاوی دنیاوە: دەکوژرێن و لە برسان دەمرن، دنیای ئەم ڕۆژگارە کە زلهێزە دڕندەکان تێیدا باڵادەستن و، بەرپرسانی وڵاتانی مسوڵماننشینیش تێیدا، زەبوون و پەست و بێ هەست و نەست و بێ هەڵوێستن، بەڵام ئەو دۆخە ئەرکی بەرپرسیارێتییمان لەسەرشان لانابات بۆیە:
داوا لە هەر مسوڵمانێکی جوامێر و ڕەسەن و، هەر مرۆڤێکی بە جەوهەر و غیرەتدار دەکەم، لە کوردستان دا، چی پێ دەکرێ بۆ مسوڵمانانی کەرتی غەززە و فەڵەستین بە گشتی درێغیی نەکەن و، زۆریش وریابن لە ڕێچکەی لارو لادەر و بیرۆکە ژەهراوییەکانی ڕەبیع مەدخەلیی و شوێنکەوتووانی لاساییکەرەوەی کوێرانەی، کە زوڕنا ژەن و ماستاوچیی حوکمڕانە میراتیی و بنەماڵەیی و خۆسەپێنەکانن و، زۆر کەسی بێ زانیاریی و کوێرانە شوێنکەوتوویان، شەرمەزاری لای خەڵک لە دنیاداو، گوناهبار و ڕیسوای لای خوا، لە بەرزەخ و قیامەت دا کردوە.
ئەوانەش کە بە پاڵنەری ئیمان یان هاندەری ویژدانی زیندوویان، هەر قسەیەکیان کردوەو، هەر هەنگاوێکیان ناوەو، هەر ئەندازەیەکیان بەخشیوە، شایستەی سوپاس و پێزانینن و، کەسانی دژو پێچەوانەشیان، وێڕای لە ئیسلام و ئیمان دوورییان - لەو هەڵوێستەیان دا – لە ویژدان و مرۆڤایەتییشەوە دوورن.
بێگومانیش مسوڵمانە مەردو ئازاو فیداکارەکانی غەززە و فەڵەستین، دەرووی خێریان هەر لێ دەکرێتەوە و، قەوارەی زایۆنییش هەر لەبەر یەك هەڵدەوەشێ و، ئەوکاتەش بەرگریی لێکارانی غەززەیی و فەڵەستینییەکان، شادو سەربەرزو، پشت بەردەرە بێ هەڵوێستە وابەستەو دابەستەکانی حوکمڕانە بڵح و گوێ لە مستەکانی زلهێزان و قەوارەی زایۆنییش، جگە لە سڕینی ئارەقەی شەرمەزاریی هیچیان بۆ نامێنێتەوە.
عەلی باپیر
١ صفر ١٤٤٧ك
٢٦/٧/٢٠٢٥ز
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە