4 کاتژمێر پێش ئێستا
533 جار خوێنراوەتەوە
لە عێراق مووچەى مانگى 10 دابەشکرا و لە هەرێم هێشتا 8 دابەشنەکراوە
پەیام
لە عێراق دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 كرا، لە هەرێمی كوردستانیش هیچ هەواڵێك لەبارەی مووچەی مانگی هەشتەوە لەئارادا نییە.
تەنیا سێیەكی مانگی 10 ماوە، سەرەڕای ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەڵام تا ئێستا مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێم دابەشنەكراوە.
هاوكات ئەمڕۆ میدیای فەرمیی عێراق بڵاوی كردەوە، حكومەتی فیدڕاڵی دەستی بە ڕێكارەكانی دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 ی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەكان كردووە. پێشتریش لە سەرەتای مانگدا مووچەی خانەنشینانی عێراق بۆ مانگی 10 دابەش كراوە.
میدیای پارتی باسی لەوە كردووە، عێراق دەیەوێت دوای دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و دڵنیابوونەوە لە كێشەی پارەی نەقدی، مووچەی هەرێمی كوردستان خەرج بكات.
بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغداد، پێویستە مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی هەرێم ڕادەست بكرێت و ئەمەش پێشمەرجی ناردنی مووچەیە، بەڵام تا ئێستاش وەزارەتی دارایی حكومەتی ماوەبەسەرچوو ئامادە نەبووە داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی هەشت ڕەوانەی بەغداد بكات، ئەمەش پاساوی داوەتە دەسەڵاتدارانی عێراق كە مووچە نەنێرن.
دواكەوتنی مووچەی مانگی هەشت بۆ كۆتایی مانگی 10، مەترسیی ئەوەی لای مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دروست كردووە ئەمساڵیش 2 یان 3 مووچەیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغدادەوە دەخورێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە