4 کاتژمێر پێش ئێستا
367 جار خوێنراوەتەوە
بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ، زیلینیسكی داوا لە ترەمپ دەکات فشاری زیاتر بخاتە سەر پووتن
پەیام
ترەمپ دەڵێت ئەگەر ئۆكرانیا مەرجەكانی ڕووسیا پەسەند نەكات، پووتن ئەو وڵاتە وێران دەكات، زیلینیسكیش بەراورد لەنێوان ڕووسیا و حەماسدا دەكات.
رۆژنامەی فایناشناڵ تایمز بڵاوی كردووەتەوە، هەینیی ڕابردوو و لە كۆشكی سپی، دۆناڵ ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بە ڤۆلۆدیمیر زیلینیسكی، سەرۆكی ئۆكرانیای ڕاگەیاندووە پێویستە ناوچەی دۆنباسی ڕۆژهەڵات بە تەواوی ڕادەستی ڕووسیا بكات و ئەمە داواكاری مۆسكۆیە.
بەپێی ڕۆژنامەكە، ترەمپ بە هاوتا ئۆكرانیەكەی وتووە، پێویستە مەرجەكانی ڕووسیا بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ پەسەند بكات، ئەگەرنا ڤلادیمێر پووتن بەڵێنی داوە ئۆكرانیا وێران دەكات.
هاوكات لە دیدارێكدا لەگەڵ میدیای ئەمریكی، زیلینیسكی جەختی لەوە كردووەتەوە ئەمریكا فشاری زیاتر بخاتە سەر سەرۆكی ڕووسیا بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ.
زیلینیسكی باسی لە كۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە كردووە بەهۆی فشارەكانی ترەمپەوە. هەروەها ڕأیگەیاندووە: پووتنیش هەمان دۆخی حەماسی هەیە بەڵام بەهێزترە لە حەماس، ئەم جەنگەش فراوانترە و ڕووسیاش دووەم گەورەترین سوپای لە جیهاندا هەیە بۆیە پێویستە فشاری زیاتری لێ بكرێت.
لە بەرانبەردا ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند: یەكێتیی ئەورووپا هەوڵی ئاژاوەگێڕانە دەدات بۆ ئەوەی هەوڵەكانی ئاشتی لە ئۆكرانیا شكست پێ بهێنێت و بەربەست دروست بكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە