5 کاتژمێر پێش ئێستا
43 جار خوێنراوەتەوە
بۆ ڕێگری لە قەیرانی گەورەی وزە، ئۆپیك بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی بەرز كردەوە
پەیام
لە ترسی دروستبوونی قەیرانی گەورەی وزە بەهۆی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هاوپەیمانیی ئۆپێك پڵەس بڕیاری دا پاشەكشە لە سڕكردنی هەناردەی نەوت بكات و بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لەم مانگەدا بەرز بكاتەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی فەرمی كە دوای كۆبوونەوەی ڤیدیۆیی وڵاتانی ئەندام بڵاو كرایەوە، بە سەرۆكایەتیی سعودیە و ڕووسیا ڕێككەوتن كراوە، كە بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ، ڕۆژانە (206) هەزار بەرمیل نەوتی دیكە بخرێتە بازاڕەكانی جیهانەوە. هەرچەندە لە سەرەتای ئەمساڵدا پلانەكانی زیادكردن ڕاگیرابوون.
ئاژانسی بلومبێرگ ئەو بڕیارەی بە هەنگاوێكی خێراتر ناو بردووە، چونكە ئەم زیادكردنە نوێیە زۆر زیاترە لەو بڕەی كە لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا جێبەجێ دەكرا و تەنیا (137) هەزار بەرمیل بوو.
ڕاپۆرتەكەی بلومبێرگ هۆكاری ئەم هەڵكشانەی بۆ مەترسییەكانی تێكچوونی هێڵی دابینكردنی نەوت گەڕاندەوە، بەتایبەتی لە گەرووی هورمز كە بەشێكی زۆری بازرگانیی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت و ئێستا بووەتە چەقی ململانێ سەربازییەكان.
لە بەرانبەردا، ئاماژە بەوە دراوە كە زۆربەی وڵاتان توانای زیادكردنی بەرهەمهێنانیان سنووردارە و پشكی شێر بەر هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیمارات دەكەوێت.
هاوپەیمانییەكەش بڕیاری داوە نەرمی بنوێنێت و بەلەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنەكانی جەنگ و دۆخی بازاڕ گۆڕانكاری لە خشتەی هەناردەكردندا بكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە