2 کاتژمێر پێش ئێستا
43 جار خوێنراوەتەوە
ڕاگهیهنراوی مهڵبهندی شارهزوور بهبۆنهی یادی خاپوركردنی سهیدسادق
پهیام
بەیاننامەی مەڵبەندی شارەزووری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
بەبۆنەی ٣٨ ساڵەی خاپوورکردنی شاری سەیدسادق
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان، هاوشاریانی خۆشەویست: ئەمڕۆ ٣٨ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر هەڵمەتی خاپوورکردنی شاری سەیدسادق لە لایەن دەسەڵاتی بەعسی خوێنڕێژ و دیکتاتۆرەوە. پاش چەند ڕۆژێک لە کارەساتی کیمیاییبارانی شاری هەڵەبجەی شەهید، بەهەمان شێوە ئەم شارەش بەر جۆرێکی تر لە کارەسات و دڕندەیی ڕژێمی بەعس کەوت.
ڕێژمی بەعس تەواوی شاری سەیدسادقی خاپوور کرد و زۆرینەی هاووڵاتییان کەلوپەلەکانیشیان بۆ دەرنەکرا و ماڵەکانیان ڕووخاند.
لەگەڵ ئەوەی تەواوی شارەکەی لەگەڵ زەوی یەکسان کرد، کەچی ڕژێم بەوەشەوە کۆڵی نەدا و دار و بەرد و کەرەستەی خانووە وێرانکراوەکانیشی گواستەوە بۆ دەرەوەی شارەکە، بۆ ئەوەی بە یەکجاریی شوێنەواری ژیان و شار و ئاوەدانی لەم شارە ئازیزە بسڕێتەوە و داخی دڵی خۆی بەو ناوچە شۆڕشگێڕ و سەربەرزە بڕێژێت.
هاووڵاتیانی بەڕێز
ئێستا لەکاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کە کوردستان لە لەبارودۆخێکی هەستیاردایە و هیشتا نەگەشتووە بە مافە ڕەواکانی خۆی کە ئەم شارە و ناوچەکانی تری کوردستان قوربانییان بۆ دا و شۆڕشیان بۆ پێکهێنا.
لەگەڵ ئەوەی خەڵکی بەشەرەفی ئەم ناوچەیە بە گیان و ماڵ قوربانیی زۆریان دا تا کورد بە مافە نەتەوەییەکانی خۆی بگات، بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێم قەزای سەیدسادقی پەراوێز خستووە و وەکو پێویست ئاوڕی لێ نەداوەتەوە، ئێمە وەک مەڵبەندی شارەزووری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پشتیوانی هەمیشەیی خەڵکی دەڤەرەکەمان دەبین و دەخوازین ئاوڕی جدی لەم شارە قوربانیدەرە و گوندەکانی بدرێتەوە و ئاستی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکانی بەرز بکرێتەوە و کۆتایی بە نادادگەریی و پشتگوێخستن بهێنرێت.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
مەڵبەندی شارەزوور
٢٤ـی ئازاری ٢٠٢٦
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە