2 کاتژمێر پێش ئێستا
130 جار خوێنراوەتەوە
نرخی گازوایل له ئه‌ورووپا گه‌یشته به‌رزترین ئاستی له چوار ساڵی ڕابردوو
په‌یام
به‌هۆی په‌ككه‌وتنی جووڵه‌ی گواستنه‌وه له گه‌رووی هورمز و سه‌رهه‌ڵدانی مه‌ترسییه‌كانی كه‌میی سوته‌مه‌نی، نرخی گازوایل له بازاڕه‌كانی ئه‌وروپا گه‌یشته به‌رزترین ئاستی خۆی له دوای ساڵی 2022 و نرخه‌كان %9.4 هه‌ڵكشان.
له كاتێكدا بازاڕه‌كانی وزه له جیهان ڕووبه‌ڕووی شڵه‌ژانێكی گه‌وره بوونه‌ته‌وه، نرخی گرێبه‌سته‌کانی گازوایل لە بۆرسەی لەندەن بازدانێکی مێژووییان تۆمار کرد. نرخه‌كان به ڕێژه‌ی 9.4% به‌رزبوونه‌وه و گه‌یشتنه 1493.25 دۆلار بۆ هه‌ر ته‌نێك، كه ئه‌مه‌ش هاوتاكه‌ی ده‌كاته زیاتر له 200 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك؛ ئه‌م هه‌ڵكشانه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و دڵه‌ڕاوكێیه توندەیە كه سێكته‌ری پیشه‌سازی و گواستنه‌وه‌ی گرتووه‌ته‌وه، چونكه گازوایل به بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی ئابووری جیهانی داده‌نرێت.
ناوه‌نده ئابورییه‌كانی ئه‌ورووپا ده‌ڵێن هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م قەیرانە بۆ په‌ككه‌وتنی نیمچه ته‌واوی كه‌شتیوانی له گه‌رووی هورمز ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه وه‌ك ده‌ماره‌كانی وزه‌ی جیهان کار دەکات. گرژییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست بوونه‌ته هۆی په‌ككه‌وتنی گواستنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه پاڵاوته‌كان و به‌تایبه‌تیش سوته‌مەنی دیزڵ، ئه‌مه‌ش بازاڕه‌كانی ئه‌وروپای خستووه‌ته دۆخێكی ناهه‌مواره‌وه كه له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2022 وێنه‌ی نه‌بووه.
هه‌روه‌ها راشگه‌یه‌نراوه، تەنگژەکە تەنیا لە ڕێگریی گواستنەوەی سوته‌مەنی ئامادەدا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو کاریگەرییەکان گەیشتوونەتە هێڵەکانی دابینکردنی نەوتی خاویش. ئه‌م گۆڕانكارییانه بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له پاڵاوگه‌كان به ناچاری ئاستی به‌رهه‌مهێنانی خۆیان كه‌م بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش گوشارێكی زیاتری خستووه‌ته سه‌ر خستنه‌ڕوو و پێشبینی ده‌كرێت كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م گرانبوونه به خێرایی له‌سه‌ر سێكته‌ره جیاوازه‌كانی ئابووری ڕه‌نگبداته‌وه.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە