3 کاتژمێر پێش ئێستا
86 جار خوێنراوەتەوە
"زیانی دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ڕۆژانە زیاترلە 11 ملیۆن دۆلارە"
پەیام
ڕوانگەی ئیكۆ عێراق ڕایدەگەیەنێت: زیانەكانی دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە زیاتر لە 11 ملیۆن دۆلارە.
ڕوانگەی ئیكۆ عێراق تایبەت بە كاروباری ئابووری بڵاویكردەوە: بڕیار بوو هەرێمی كوردستان جگە لە گلدانەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ بەكاربردنی نێوخۆیی، ڕۆژانە نزیكەی 230 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی خۆی هەناردە بكات.
بەپێی ئەوەی ئیكۆ عێراق بڵاوی كردووەتەوە: بە لێدەركردنی خەرجیی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك بۆ كۆمپانیاكان بە 16 دۆلار، هەروەها كرێی گواستنەوەیش بۆ بەندەر جەیهانی توركیا بە 1.5 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، قازانجی پوختی 230 هەزار بەرمیل بە 66 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نزیكەی 11 ملیۆن و 160 هەزار دۆلاری ڕۆژانە دەكات، واتە عێراق هەر مانگێك لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم 334 ملیۆن دۆلار و ساڵانەش زیاتر لە چوار ملیار دۆلار قازانجی چاوەڕوانكراو، زیان دەكات.
بەپێی ئەوەی ڕوانگەكە ئاماژەی پێ داوە "دانوستانەكانی شاندی حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵ لەبارەی پرسی هەناردەكردنی نەوتەوە بە ڕووی میدیادا داخراوە". دەشڵێت: بەرپرسیارێتی ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و ئەو بێسەروبەرییەش، كە لەو ڕووەوە هەیە لە ئەستۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندایە، كە تائێستا یاسایەكی بۆ بەڕێوەبردن و ڕێكخستنی نەوت و غاز دەرنەكردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە