مەهدى مستەفا 17/06/2025 525 جار خوێنراوەتەوە

لە پەڕاوێزی شەڕی ئێران و ئیسڕائیل

شەڕی نێوان ئێران و ئیسڕائیل هەڵقووڵاوی چوار دەیە لە ناکۆکی و ململانێ و جەنگێکی گشتگیر و فرە ڕەهەندی ئابووری، سیاسی، سەربازی و ئایدۆلۆژییە. لە سەردەمی شای ئێران، محەممەد ڕەضا پەهلەوی، کەم و زۆر پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری لە نێوان ئێران و ئیسڕائیل هەبوو بەڵام لە دوای ڕووخانی ڕژێمی شاهەنشاهی و سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، پەیوەندییەکانی ئێران و ئیسڕائیل بەرەو گرژی و ئاڵۆزی ڕۆیشت. هۆکارەکەش هەبوونی ئایدۆلۆژیا و دنیابینی جیاوازی هەردوو دەوڵەتە. لە گەڵ سەرهەڵدانی دا، کۆماری ئیسلامی دەسەڵات و دەوڵەتی ئیسڕائیلی بە ناشەرعی ناساند و پشتگیری بۆ مافی فەڵەستینییەکان دەربڕی.

لەو کاتەوە لە لایەک ئێران ئیسڕائیل بە بەربەست و لەمپەر دەزانێت لە بەردەم هژموون و فراوانخوازی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە لایەکی تر ئیسڕائیل ئێران بەو ئایدۆلۆژیایەوە بە مەترسی دەزانێت لە سەر ئاسایشی نیشتمانی خۆی و پێی وایە ئەگەر ئێران بەو تێڕوانین و ئایدۆلۆژیایەوە ببێتە خاوەن چەکی ناوەکی، دەبێتە هەڕەشە و مەترسیەکی گەورە لە سەر کیان و وجودی دەوڵەتی ئیسڕائیل.

بە درێژایی چوار دەیەی ڕابردوو هەر کام لە ئێران و ئیسڕائیل هەوڵیان داوە خۆیان لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ بە دوور بگرن. لە جیاتی شەڕی ڕاستەوخۆ، شەڕی بە وەکالەتیان لە زۆر ووڵات وەک سوریا، لوبنان، یەمەن و عێراق ئەنجام داوە. ئەوەی کە شەڕی ئەو جارە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەمجارە هەردووکیان دەیانەوێ ڕاستەوخۆ هێز و بازووی یەکتر بشکێننەوە و توانای خۆیان پێشان بدەن.

هۆکاری شەڕی ئێران و ئیسڕائیل زۆرن بەڵام سەرەکی ترینیان بریتین لە:

یەکەم: هۆکاری ئایدیۆلۆژیا و عەقیدە

ئێران لە دوای ١٩٧٩ و بە پەیڕەو کردنی سیستەمی "ویلایەتی فەقیه" خۆی بە نوێنەری سەرەکی شیعەکانی جیهان و دنیای ئیسلام دادەنێت و لە دەستووری کۆماری ئیسلامیش بە ڕوونی باس لەوە کراوە کە یارمەتیدانی نەتەوە چەوساوە و ژێردەستەکان لە هەموو جیهان بە ئەرک و واجبی خۆی دەزانێت. بەو دنیابینی و دیسکۆرسەوە بنەماکانی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوە هەناردە دەکات و دەستتێوەردان لە کارووباری نێوخۆیی دەوڵەتانی تر بە ڕەوا دەزانێت. لەو سۆنگەیەشەوە ئیران پێی وایە کە ئیسڕائیل دەوڵەتێکی نامەشروع و داگیرکارە کە خاکی فەڵەستینییەکانی داگیر کردووە.

دووەم: پروگرام ناوەکی ئێران

هەرچەند ئێران ڕایگەیاندووە کە مەبەستی لە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ بابەتی ووزە و گەشەپێدانی لایەنی ئابووریە بەڵام ئەمریکا و ئیسڕائیل پێیان وایە ئێران دەیەوێت چەکی ناوەکی بەدەست بێنێت کە ئەمەش هێڵی سوورە و دەبێتە هۆی هەڕەشە لە سەر ئاسایشی ئیسڕائیل و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی. بە تایبەتی کە ئێران زۆر جار هەڕەشەی سڕینەوە و لەناو بردنی ئیسڕائیلی لە سەر نەخشەی جیهان کردووە. هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر بنکەی ناوەکی و کوشتنی زانا ناوەکییەکان دەرخەری مەترسی ئیسڕائیلە لە گەیشتنی ئێران بە چەکی ناوەکی.

سێیەم: هژموون و باڵادەستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە لایەک ئێران لە ڕێگەی گروپ و هاوپەیمانەکانی خۆی دەیەوێ پشتێنەیەکی بەهێز دروست بکات کە بتوانێت زەمینە خۆشکەر بێت بۆ بەهێز بوونی پێگە و نفوزی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ لە لایەکی تریش ئیسڕائیل بە پاڵپشتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەیەوێ ئێران سنووردار بکات و نەبێتە هێزێک کە هەڕەشە لە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسڕائیل دروست بکات. بۆیە سنووردار کردنی توانا سەربازیی و مووشەکییەکانی ئێران یەکێکە لە ئەمانجە گرنگەکانی ئیسڕائیل لەم شەڕە دا.

لە چوارچێوەی پلانی دروستکردنی ڕۆژهەڵاتێکی ئارام و دوور لە جەنگ و ئاژاوە لە داهاتوو کە تێیدا ئەمریکا و ئیسڕائیل و هاوپەیمانەکانیان بتوانن پەرە بە توانای ئابووریان بدەن و هیچ دەوڵەتێک نەتوانێت هەڕەشە لە سەر بەرژەوەندییەکانیان دروست بکات، ئێران وەک بەربەستێک لە بەردەم پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی نوێ دەبینرێت کە یان دەبێ تەسلیم بێت و مەرجەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل قبووڵ بکات یان بە زەبری هێز و لێدان لە ژێرخانی ئابووری و ووزە و بنکە ناوەکییەکان و نانەوەی ئاژاوەی نێوخۆیی و گۆڕینی سیستەمی سیاسی، سنووردار بکرێت.

 ئەوەی کە تێبینی دەکرێت ئەم جەنگە گشتگیر و فڕە ڕەهەندە(Hybrid Warfare) کە تێیدا هەموو جۆرە ئەمرازە سەربازی، ئابووری، سیاسی، هەواڵگری، سایبری و ڕاگەیاندن بەکار دێت بۆ ئەوەی لایەنی بەرامبەر لاواز بکرێت و شکستی پێ بهێنرێت. بەو پاڵپشتی و تەکنەلۆژیایەی کە ئیسڕائیل هەیەتی و بەکاری دێنێت لە شەڕ، پێناچێت طول کێشان و فراوانبوونی بازنەی جەنگ لە سوود و قازانجی ئێران بێت. ئەگەرچی تا ئێستا ئەمریکا ڕاستەوخۆ نەهاتۆتە نێو شەڕ بەڵام لە پشت پەردە پاڵپشتی سەرەکیی مادی و سەربازی و لۆجیستیە بۆ ئیسڕائیل.

هەرچەندە ڕووسیا و چین و کۆریای باکوور خۆیان وا دەردەخەن کە هاوپەیمان ولایەنگری ئێرانن بەڵام لە ئەرزی واقیع و بەر مەبنای خوێندنەوەیەکی واقیعی و مێژوویی پێناچێت لە دوورمەودا پاڵپشتی ئێران بن. لە سەرەتای جەنگی ئێران و ئیسڕائیل واپێدەچوو کە شەڕەکە سنووردابێت بەڵام ئاست و قەبارەی هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران لە ١٣ی حوزەیران و کوشتنی سەرکردە سەربازییە باڵاکانی ئێران وای کرد کە کاردانەوەی ئێرانیش گەورەتر و فراوانتر لەوە بێت کە پێشبینی دەکرا. لە ڕاستی دا ئەو جەنگە بۆ ئێران سەنگی مەحەک و مەیدانی خۆ سەلماندن و پێشان دانی هێز و هژموونی خۆیەتی. ئەو دروشم و هەڕەشانەی کە ئێران لە چڵ ساڵی ڕابردوو دژی ئیسڕائیل بانگەشەیان بۆ دەکات، لە دوای ئەو شەڕە و ئەگەر نەتوانێت براوەی جەنگەکە بێت، پێگە و هێز و سەنگی جارانی نامێنێت. بە پێچەوانەشەوە ئەگەر ئێران بتوانێت لەو شەڕە بە سەلامەت دەرچێت و براوە بێت، ئەگەری گۆڕینی ڕژێمی سیاسیەکەی لە داهاتوو قورستر دەبێت. ئەوەش بە مانای ئەوە دێت کە لە دوای جەنگ، ئێران بە پێگە و مەوقعیەتێکی بەهێزتر دەتوانێت دانووستان لە گەڵ ئەمریکا بکات و مەرجەکانی خۆی بخاتەڕوو. ڕێڕەوی شەڕ و دەستکەوتی جەنگ بۆ هەردوولا بڕیار لە سەر ئەوە دەدات کە بازنەی شەڕ فراوانتر دەبێت یاخود نا.

لە کۆتایی دەمەوێ بڵێم ئەگەرچی ئایدۆلۆژیای سیاسی و ئایینی گرنگی خۆی هەیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەڵام مەبەست لەو جەنگە و زۆربەی شەڕەکانی تر بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی و ئەمنیەت و ئاسایشە، وەک لەوەی ئایدۆلۆژیا و مەزهەب و ئایین بێت. لەو ڕوانگەیەوە ئەگەر ئێران پێشتر و ئێستاش بە مەرجەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل ڕازی بێت و دەست بەرداری چەکی ناوەکی و سەربەخۆیی ئابووری بێت، بە هەمان شێوە و فۆڕم و ئایدۆلۆژیا و سیستەمی سیاسی کە هەیەتی قبووڵ دەکرێت و لە میحوەڕی شەڕ دێتە دەرەوە. بە مانایەکی تر، بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکان بۆ ئیسڕائیل و ئەمریکا گرنگترن لە مەزهەب و عەقیدە و ئایدۆلۆژیا و سیستەمی سیاسی. ڕووخاندن و گۆڕینی سیستەمە سیاسییەکان و چەمکی مافی مرۆڤ و دیمۆکراسی ئەو کاتە دێنە پێش و تۆخ دەبنەوە کە بەرژەوەندی زلهێزەکان دەکەونە مەترسی و دەوڵەتەکانی تر بە ویست و لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی زلهێزەکان ڕەفتار ناکەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی مەهدى مستەفا

سەرەتا