هەتوان عومەر
09/09/2026
95 جار خوێنراوەتەوە
ئایا جەنگی ئێران و ئەمریکا، چارەنووسی تڕامپ وەک جیمی کارتەر لێدەکات؟
سێبەری ئەزموونی «جیمی
کارتر» لە قەیرانی ئێراندا، جارێکی تر رەنگە ببێتە باری قورس لەسەر کۆشکی سپی. نزیکەی
نیو سەدە لەمەوبەر، شکستی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی
لە تاران، زەبرێکی کوشندەی لە کارتر وەشاند و چەند مانگ پاش ئەوەش، لە هەڵبژاردندا
لە بەرامبەر «رۆناڵد ریگان» شکستی هێنا.
ئێستا، دۆخی ترامپ بە
تەواوی وەک کارتر نییە، بەڵام هاوشێوە مێژووییەکان ئەوەندە زۆرن کە ناتوانرێت
پشتگوێ بخرێن. ترامپ لە کاتێکدا دێتە ناو ئەو مانگانەی کە بەرەو هەڵبژاردنی ئەمریکا
دەچن، کە شەش مانگ بەسەر دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ئێراندا تێپەڕیوە و هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان
بەم جەنگە تا ئێستا بێئەنجام بوون.
رێککەوتنی ئاگربەست کە
لە مانگی حوزەیراندا واژوو کرابوو، هەڵوەشاوەتەوە و ئێران هێشتا کۆنترۆڵی گەرووی
هورمزی بە دەستەوەیە، ئەو گەرووەی کە پێش
جەنگ ڕێڕەوی تێپەڕبوونی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان بوو.
ترامپ، گیری خواردووە
لە جەنگێکدا کە ناتوانێت بە ئاسانی لێی دەرباز بێت.
ئەم دۆخە لێکەوتەی
ئابووری گەورەی بۆ ئەمریکا لێکەوتووەتەوە. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، پەرەسەندنی ھەڵاوسانەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان لەو دۆخەدا ڕوویان
داوە کە پارتی کۆماریی ترامپ لە ئێستاوە لەگەڵ کێبڕکێیەکی سەختدارووبەڕوو بۆتەوە بۆ
پاراستنی زۆرینەی خۆی لە کۆنگرێس لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمدا (نۆڤەمبەر).
ڕاپرسییەکانیش دەردەخەن
کە پشتگیری گشتی بۆ جەنگەکە کەم بووەتەوە و زۆرینەی دەنگدەرانی ئەمریکی پێیان وایە
دۆخی ئابوورییان لە کاتی گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی لە کانوونی دووەمی 2025ـەوە
خراپتر بووە.
ئەم بابەتە پرسیارە بەناوبانگەکەی
ڕۆناڵد ریگان لە دیبەیتی هەڵبژاردنی ساڵی
١٩٨٠ لەگەڵ جیمی کارتر دەهێنێتەوە یاد: "ئایا بەراورد بە چوار ساڵی پێشتر، دۆخ
باشترە؟"
"لۆری
ساباتۆ"، بەڕێوەبەری سەنتەری سیاسەتی زانکۆی ڤیرجینیا، لە گفتوگۆیەکی گاردیاندا
دەڵێت کە یەکێک لە گرنگترین هاوشێوەییەکانی دۆخی ئەمڕۆی ترامپ لەگەڵ کارتەر ئەوەیە
که "ترامپ ناتوانێت ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێت."
ساباتۆ ڕوون دەکاتەوە
کە کارتر پاش شکستی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی بارمتەکان بە تەواوی لە قەیرانەکەدا گیر
ی خوارد، چونکە بارمتەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران بڵاو بببوونەوە و هیچ ڕێگەیەکی
عەمەلی بۆ گەڕاندنەوەیان نەبوو.
سەبارەت بە ترامپ دەڵێت:"ترامپ
گیری خواردووە، چونکە هیچ پاساوێکی باشی بۆ ئەم جەنگە نەبوو. ئەو تەنها سەرکەوتنێکی
تری دەویست."
تێکەڵەیەک لە هەڕەشە،
رەتکردنەوە و فشاری ئابووری
ترامپ لە هەفتەکانی ڕابردوودا
لە کاردانەوە بەم دۆخە، ڕێبازێکی تێکەڵ لە قەناعەتپێکردن، ڕەتکردنەوە و هەڕەشەی
زارەکی گرتووەتەبەر.
ئەو لە ١٤ی ئاب لە نیویۆرک،
بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بە کەمبایەخ نیشان دا و گوتی کە ڕێگری لە دەست پێڕاگەیشتنی
«وڵاتێکی خراپکار» بە چەکی ئەتۆمی، شایەنی گرنگی زیاتر تا بەرزبوونەوەی نرخیسوتەمەنی.
دواتر ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا
لەگەڵ فۆکس نیوز، هەڕەشەی لە عومان کرد و گوتی ئەگەر ئەم وڵاتە لەپاڵ هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ
ئێراندا نەوەستێنێت، واشنتۆن رەنگە هێرشی
بکاتە سەر.
هەروەها لە کارێکدا کە
کاردانەوە و گاڵتەجاڕی بەرپرسانی ئێرانی لێکەوتەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تەنگەی
هورمزی بە «قەڵەمڕەوی نوێی ئەمریکا» ناوبرد.
سەرۆکی ئەمریکا لەم ڕۆژانەی
دواشدا هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە واشنتۆن «جەنگی ئابووری و گۆشەگیرکردنی بێوێنە» دژی
ئێران بەڕێوە دەبات؛ هەرچەندە هیچ وردەکارییەکی دیاریکراوی لەسەر ئەم پلانە نەخستەڕوو.
ئێران نایەوێت ترامپ جەنگەکە
پەراوێز بخات
لەسەنگەری نێوان هەڕەشەی
سەربازی و فشاری ئابووریدا، سنوورداربوونی هەڵبژاردنەکانی ترامپ دەردەخات، دۆخێک کە
شرۆڤەکاران پێیان وایە ئێران دەتوانێت بۆ
زیادکردنی تێچووی سیاسیی جەنگەکە لەسەر سەرۆکی ئەمریکا کەڵکی لێ وەربگرێت.
«وەلی نەسر»،
مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی جۆنز هاپکینز، بە گاردین ڕادەگەیەنێت
کە سەرکردەکانی ئێران سوورن لەسەر ئەوەی «باجی دەستپێکردنی ئەم جەنگە» لە هەڵبژاردنی
نێوەند دا بە ترامپ بدەن.
ئەو باوەڕی وا یە کە
تاران نایەوێت ڕێگە بە ترامپ بدات جەنگەکە پەراوێز بخات یان بە تەنها بە راگەیاندنی
«سەرکەوتن» لەوێ دەرباز ببێت.
نەسر دەڵێت: "ئێرانییەکان
نایەنە ژێر بار کە ترامپ بڕیار لەسەر بەرز و نزمیی ئەم جەنگە بدات. هەڵوێستی تاران
ئەوەیە که ئێمەش لێرە مافی بڕیاردانمان هەیە و بڕیار نییە هەموو شتێک بۆ ترامپ
ئاسان بکەین."
بە وتەی ئەو، بەرپرسانی
ئێرانی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ نزیکەی چوار هەفتە مۆڵەتیان بە ئەمریکا داوە تاوەکو
بگڕێتەوە بۆ لێکتێگەیشتنی مانگی حوزەیران و بە تەواوی جێبەجێی بکات؛ ئەگەرنا ئێران
مومکینە ئاستی هێرشەکان بەرزتر بکاتەوە؛ لەوانەش هێرشی بەربڵاوتر بۆ سەر ئامانجەکان
لە کەنداو و بنکە و لۆجستیکی سەربازیی ئەمریکا.
گۆڕانکاری لە پێکهاتەی
دەسەڵاتی ئێراندا
گاردین هەروەها ئاماژە
بە گۆڕانکارییە کۆتاکانی پێکهاتەی سیاسی و ئەمنی ئێران دەکات و دەستنیشانکردنی
موحسین ڕەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای
پاسداران لە بەشێکی گەورەی جەنگی ئێران و عێراق، وەک سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای
ئاسایشی نیشتمانی بە بەشێک لە نیشانەکانی توندتربوونی هەڵوێستی تاران هەڵدەسەنگێنێت.
هەروەها دانانی حسێن
تائیب، پیاوی ئایینی پارێزگار و سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی هەواڵگریی سوپا، بە سەرۆکی
بەسیج؛ گۆڕانکارییەک کە گاردین وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی کۆنترۆڵی ناوخۆیی
و بەرنگاربوونەوەی ئەو شتەی پێی دەوترێت هەوڵی ئیسرائیل و نەیارانی ناوخۆیی، هەڵسەنگاندنی
بۆ دەکات.
«ئیران هیچ پەلەیەکی
نییە»
«مێهرزاد
بروجەردی»، مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی میسوری، پێی وا یە که تاران بڕیاری
داوە ژیانی سیاسیی ترامپ لە لایەنە جیاجیاکانەوە قورستر بکات.
ئەو دەڵێت ڕاپرسییەکانی
ئەمریکا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان جەنگی ئێران و دۆخی بیروڕای گشتیدا دەخەنە
ڕوو و هەر لەبەر ئەوەیە کە ئەم بابەتە لە موحاسباتی کۆشکی سپیدا گرنگیی خۆی هەیە.
بە وتەی ئەو، گۆڕینی سەرنجی ترامپ لە هەڕەشەی سەربازییەوە بۆ فشاری ئابووری، سەرچاوەکەی
لەو ڕاستییەوە دێت کە دەوڵەتی ئەمریکا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە ئابووری دەبێتە
خاڵی لاوازی ئێران.
لەگەڵ ئەوەشدا، بروجەردی
جەخت دەکاتەوە که «ئیران هیچ پەلەیەکی نییە» و سەرکردەکانی ئەم وڵاتە دۆخی ئابووری
ئەوەند شەکەتی نەکردوون کە ناچار ببن خێرا داواکارییەکانی ئەمریکا قبوڵ بکەن.
گەرووی هورمز، گرێکوێرەی
سەرەکی جەنگ
«ئالان ایر»،
دیپلۆماتی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و شارەزای کاروباری ئێران، باوەڕی وا یە
که دوو «کاتژمێری ئابووری» خەریکن لێدەدەن؛ یەکێکیان بۆ ئێران و ئەوی تریان بۆ ئەمریکا
و ئابووری جیهان.
ئەو هۆشداری دەدات کە
بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، بەتایبەت گازوایل، دەتوانێت لەو مانگانەی پێش هەڵبژاردندا
فشارێکی زیاتر بخاتە سەر ئابووری ئەمریکا.
بە وتەی ایر، نرخی
گازوایل لە ئەمریکا لە ٣.٧٠ دۆلار بۆ هەر گالۆنێک لە ساڵی پێشوودا، بەرز بووەتەوە
بۆ ٥.٤٤ دۆلار.
ئەو پێی وا یە که
ترامپ لەگەڵ کۆمەڵێک بژاردەی خراپدا بەرەوڕووە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە کەمترین تێچووی
بۆ ئەو ئەوەیە کە هەوڵی خێرا بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز بدات، تەنانەت لەو دۆخەشدا
کە کۆنترۆڵەکەی لە دەستی ئێراندا بمێنێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، تەنانەت
کردنەوەی گەرووەکەش بەو مانایە نییە، کە دۆخی ئابووری دەستبەجێ بۆ دۆخی ئاسایی بگەڕێتەوە،
چونکە کۆمپانیاکانی دڵنیایی دەریایی بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی ڕێڕەوەکە، پێویستییان
بە کات دەبێت.
ئایا مێژوو بۆ ترامپ
دووبارە دەبێتەوە؟
هەڵبژاردنی نێوان خولییەکەی ئەمریکا کەمتر لە سێ مانگی تر بەڕێوە دەچێت و ئەنجامەکەی
دەتوانێت دوو ساڵی کۆتایی سەرۆکایەتی ترامپ زۆر قورستر بکات.
وەلی نەسر پێی وا یە
که تەنها کێشەکە هەڵبژاردنی نێوەندەکە نییە. ڕۆژی پاش هەڵبژاردن، سەرنجی سیاسی ئەمریکا
دەگەڕێتەوە سەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٨. ئەگەر ترامپ نەتوانێت کۆتایی بە
جەنگ بهێنێت یان پێکدادانەکە پەرە بسێنێت و زیانی زیاتر بە ئابووری جیهانی بگەیەنێت،
جەنگی ئێران دەتوانێت ببێتە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی
داهاتووی ئەمریکا.
ساباتۆش هاوشێوەیی مێژوویی
نێوان ترامپ و کارتر بە جدی دەزانێت. بە وتەی ئەو، سەرکردەکانی ئێستای ئێران مێژوو
بە باشی دەزانن و دەزانن شکستی کارتر لە قەیرانی بارمتەگرتندا چی پاشکۆیەکی سیاسیی
هەبوو.
ئەو دەڵێت: «بۆچی ئەوان
هەمان کار دووبارە نەکەنەوە؟ ئەوان مێژوویان لە بیرە و لەو کاتەدا براوە بوون.»
ئۆپەراسیۆنی طبس، ئەو
پلانە سەربازی و ھەوالگرییە بوو کە کابینەکەی سەرۆککۆمار جیمی کارتەر دایان ڕشت بۆ
فڕاندنی دیبلۆماتکارەکانی ئەمریکا، کە ئەو کات لەکایەن ھێزەکانی سەر بە ھێلی خومەینییەوە
دەستبەسەر کرابوون. شکستی ئەم ئۆپراسیۆنە کاریگەرییەکی گەورەی ھەبوو لەسەر دەرنەچوونەوەی
جیمی کارتەر بەرامبەر رۆنالد ڕیگان لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمارد دا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی هەتوان عومەر