16 کاتژمێر پێش ئێستا
110 جار خوێنراوەتەوە
پرۆسەی وەرگرتنی سكاڵا دژی عەجاج "جەلادەكەی نوگرەسەلمان" دەستیپێكرد
پەیام
لە سلێمانی پڕۆسەی وەرگرتنی سكاڵا دژی تۆمەتبار عەجاج ئەحمەد حەردان "جەلادەكەی بەندیخانەی نوگرەسەلمان"، دەستیپێكرد و چەند ڕۆژێك بەردەوام دەبێت.
لە ڕاگەیەنراوێكدا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی فەیسبووك، دادگای سلێمانی ڕایگەیاند: پاشئەوەی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی/پێنجی بۆ وەرگرتنی سكاڵای یاسایی كەسوكاری ئەنفالكراوان دژی تۆمەتبار عەجاج ئەحمەد حەردان دیاریی كرد، ڕۆژى، یەكشەممە، 31ی ئابى 2025، دەست بە ڕێكاری یاسایی وەرگرتنی وتەی سكاڵاكاران كرا و ژمارەیەكیان وتەیان لێ وەرگیرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، پڕۆسەكە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت و پاش تەواوكردنی ڕێكارەكانیش، وتە و سكاڵاكان ئاڕاستەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق دەكرێت.
عەجاج ئەحمەد حەردان ناسراو بە "جەلادەكەی بەندیخانەی نوگرەسەلمان"، یەكێك بووە لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرەسەلمان لە پارێزگای سەماوە، ساڵی 1988یش بەشداریی لە پڕۆسەی ڕاگواستنی گەلی كورد ناسراو بە (ئەنفال) كردووە.
عەجاج، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە كەركووكەوە ڕووی لە سووریا كردووە، كۆتایی ساڵی ڕابردوو و دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد هاتووتەوە و عێراق، دوای 37 ساڵ و لە 31ـی تەمموز لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە دەستگیركرا و ئێستاش پڕۆسەی دادگاییكردنی بەڕێوەدەچێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە