2 کاتژمێر پێش ئێستا
60 جار خوێنراوەتەوە
ڕاگەیاندنی توركی: ئەردۆغان ڕەزامەندیی بە لیژنەیەكی پەرلەمان بۆ سەردانی ئۆجەلان داوە
پەیام
سەرۆككۆماری توركیا بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان ڕێگەی بە لیژنەیەكی پەڕلەمانی وڵاتەكەی داوە سەردانی زیندانی دوورگەی ئیمڕاڵی بكەن.
عەبدولقادر سێلڤی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی نزیك لە دەسەڵاتی توركیا، لە لێكدانەوەیەكیدا لە ستوونی خۆی لە ڕۆژنامەی "حورییەت"، سەبارەت بە كۆبوونەوەی ئەمدواییەی نێوان ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، ڕێبەری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی، دەڵێت: نەخشەڕێگەی پڕۆسەی "توركیایەكی بێ تیرۆر" بە تەواوی پێداچوونەوەی بۆ كراوە و هەردوولا ڕێك كەوتوون كە هەوڵەكان بە گوڕوتینێكی زۆرەوە بەردەوام بن.
سێلڤی ڕایشیگەیاند: لە میانەی كۆبوونەوەی لیژنەی جێبەجێكاری ناوەندیی پارتی داد و گەشەپێداندا، ئەندامانی پارتەكە ناڕەزایی خۆیان سەبارەت بە سەردانی ئۆجەلان دەربڕیوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە، ئەردۆغان ڕەزامەندیی بۆ سەردانەكە داوە، ئەوەش بە ڕەزامەندیی كۆتایی و بنەڕەتی دادەنرێت.
لای خۆیشیەوە، دەوڵەت باخچەلی، پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ سەردانەكە ڕاگەیاند و جەختی كردەوە: لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی سیاسیی نوێدا كە حكومەت لە ژێر دروشمی "توركیایەكی بێ تیرۆر" دا بانگەشەی بۆ دەكات ئەنجامێكی ئەرێنی دەبێت.
باخچەلی ڕایشیگەیاند: ئۆجەلان تا ئێستا بەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ كردووە، ئەوەش متمانە بە بەردەوامبوونی گفتوگۆكان زیاتر دەكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە