2 کاتژمێر پێش ئێستا
100 جار خوێنراوەتەوە
بانكی ناوەندیی ئێران بۆ لابردنی سفرەكانی سەر دراوی (تمەن) ڕاسپێردرا
پەیام
سەرۆكایەتیی ئێران بە فەڕمی بانكی ناوەندیی وڵاتەكەی ئاگادار كردەوە چوار سفر دراوەكەی بسڕێتەوە.
میدیای فەرمیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوی كردەوە: مەسعوود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران بەپێی ماددەی 123ی دەستووری ئێران و پاش دەنگدانی پەڕلەمانی وڵاتەكە و پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە، نووسراوێكی فەرمیی بۆ بانكی ناوەندیی ناردووە و تیایدا هاتووە چوار سفری سەر دراوی نیشتیمانیی ئێران لا ببەن.
پێشتر ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران ڕایگەیاندبوو، لابردنی سفرەكانی سەر دراوی ڕیاڵ، پێچەوانەی شەرع و دەستوور نییە و حكومەت دەتوانێت دەستبەكار بێت.
پێشتر و لە مانگی ڕابردوودا پەڕلەمانی ئێران ناسراو بە ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی دەنگی دا لەسەر پرۆژەیاسای هەمواری یاسای دراو و بانك بۆ لابردنی سفرەكانی سەر دراوەكە، بەم جۆرە هەر 10 هەزار ڕیاڵێكی ئێستا دەبێتە یەك ڕیاڵ و هەر ملیۆنێك ڕیاڵ دەبێتە 10 هەزار ڕیاڵ، بەڵام ناوی ڕیاڵ وەك دراوی فەڕمی دەمێنێتەوە.
بەپێی یاسا پەسەندكراوەكە پێویستە بانكی ناوەندیی ئێران لە ماوەی دوو ساڵدا ژێرخانی پێویست بۆ جێبەجێكردنی گۆڕانكارییەكان لە دراوی وڵاتدا بكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە