2 کاتژمێر پێش ئێستا
29 جار خوێنراوەتەوە
دەزگای بەخشین دەیان تەنكەر ئاوی خواردنەوەى لە چەمچەماڵ دابەشکرد
پەیام
دەزگای خێرخوازی بەخشین هەڵمەتێكی مرۆیی بەرفراوانی بۆ دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە لە قەزای چەمچەماڵ دەستپێكرد، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ سوككردنی بارگرانی ئەو قەیرانە توندەی بێئاوی كە ڕووی لە ناوچەكە كردووە.
بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری پەیام، بۆ ئەم مەبەستە دەزگاكە نزیكەی 50 تەنكەری گەورەی ئاوی بۆ دانیشتوانی شارەكە دابین كردووە.
تەنكەرەكان لە شاری سلێمانییەوە بە پڕكراوەیی بەڕێكراون بەرەو چەمچەماڵ و بڕیارە بەسەر ئەو ماڵ و گەڕەكانەدا دابەش بكرێن كە بەدەست كەمیی ئاوەوە دەناڵێنن.
ئەم هەڵمەتە فریاگوزارییە لە كاتێكدایە كە دانیشتوانی چەمچەماڵ لە بارودۆخێكی سەختدا دەژین؛ بەجۆرێك تەنها 15 ڕۆژ جارێك ئاوی نیشتمانییان بۆ بەردەدرێتەوە، كە ئەمەش ناچاری كردوون بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانیان پەنا بۆ كڕینی ئاو بە تێچوویەكی زۆر بەرن.
ئەم هەنگاوەی دەزگای خێرخوازی بەخشین وەك پشتیوانییەكی مرۆیی گرنگ دەبینرێت بۆ خەڵكی قەزاكە، تاوەكو لەم قەیرانەدا كەمێك لە مەینەتییەكانیان كەم بكاتەوە و هاوكاریی ئەو خێزانانە بكات كە توانای داراییان سنووردارە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە