1 کاتژمێر پێش ئێستا
157 جار خوێنراوەتەوە
نرخی زێڕ ئاستێكی نوێی مێژوویی تۆمار كرد
پەیام
نرخی زێڕ ژمارەیەكی نوێی پێوانەیی تۆمار كرد و بەربەستی پێنج هەزار و 100 دۆلاری تێپەڕاند. زیووش لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە. لە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستانیش مسقاڵێک زێڕى عەیارە 21 بە یەک ملیۆن و 91 هەزار دینارە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەیەك ڕۆژی كردنەوەی بازاڕەكانی جیهان، نرخی ئۆنسەیەك زێڕ پێنج هەزار دۆلاری تێپەڕاند، دواتریش تا پێنج هەزار و 100 دۆلار بەرز بووەوە.
ئێستاش هەڵكشانی ململانێ و گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی "ناتۆ" لەسەر دوورگەی گرینلاند بووەتە هۆكاری سەرەكیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەمساڵدا. ئەمەش دۆخێكی ناسەقامگیری ئابووریی و جیۆسیاسیی دروستكردووە.
بەهۆی سووككردنی سیاسەتی نەقدیی ئەمریكا و زیادبوونی خواست لەسەری، ساڵی 2025 نرخی زێڕ بە ڕێژەی لەسەدا 64 بەرز بووەوە. لە 14 ی مانگی 12 ی ساڵی ڕابردوویشەوە چین شەپۆلی كڕینی زێڕی دەست پێ كردووە. تەنیا لەمساڵیشدا بە ڕێژە لەسەدا 17 بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.
شیكەرەوەیەكی ئابووریش بە ڕۆیتەرزی وتووە "نرخی زێڕ لەمساڵدا دەگاتە شەش هەزار و 400 دۆلار".
بەهای زیو بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و یەك كیلۆ زیو لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان 4000 هەزار دۆلاری تێپەڕاند.
لە بازاڕەکانى هەرێم نرخى مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 به 935 هەزار دینار و عەیارە 21 بە یەک ملیۆن و 91 هەزار و عەیارە 22 به یەک ملیۆن و 143 هەزار دینار و عەیارە 24 به یەک ملیۆن و 247 هەزار دینارە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە