2 کاتژمێر پێش ئێستا
22 جار خوێنراوەتەوە
مانگی سووری ئێران: زیان بە 93 هەزار یەكەی مەدەنی و 600 قوتابخانە گەیشتووە
پەیام
مانگی سووری ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكانەوە زیاترلە 93 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون و بازرگانی و سەدان قوتابخانە و ناوەندی تەندروستی لە تاران و پارێزگاكان زیانیان بەركەوتووە.
ڕێكخراوی مانگی سووری ئێران ئامارێكی وردی لەبارەی قەبارەی ئەو زیانە ماددییانە بڵاو كردەوە، كە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر ناوچە مەدەنییەكان كەوتوونەتەوە و بەپێی ڕاپۆرتەكە، تاكو ئێستا 93 هەزار و 233 یەكەی مەدەنی زیانیان بەركەوتووە، كە لەو ژمارەیە 71 هەزار و 547 یەكەیان نیشتەجێبوون و 20 هەزار و 779 یەكەی دیكەیان بازرگانین.
ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، كە تەنها لە شاری تاران 31 هەزار و 562 یەكەی نیشتەجێبوون و بازرگانی زیانیان بەركەوتووە.
جگە لەو زیانانە، كەرتی پەروەردە و تەندروستیش كراونەتە ئامانج؛ بەجۆرێك 600 قوتابخانە و 295 ناوەندی تەندروستی و فریاكەوتن زیانی توندیان بەركەوتووە.
لە لایەكی دیكەوە، هێرشەكان ڕاستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر توانای فریاگوزاری هەبووە.
مانگی سوور ڕایگەیاندووە كە 17 بنكەیان وێران بووە و 46 ئەمبوڵانس و 48 ئۆتۆمبێلی تیمی ڕزگاركردن لەكاركەوتوون، هاوكات 3 هێلیكۆپتەری فریاكەوتنیش لە كاتی هێرشەكاندا زیانیان بەركەوتووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە