1 کاتژمێر پێش ئێستا
131 جار خوێنراوەتەوە
حەسەكە.. گرژی نێوان خۆپیشاندەرانی عەرەب و كورد پەرەی سەندووە
پەیام
شاری حەسەكە لە دۆخێكی نائارامدایە و گرژی نێوان خۆپیشاندەرانی عەرەب و كورد پەرەی سەندووە. هێزی ئەمنیی زۆر لە شارەكە بڵاوەی پێ كراوە.
ئەمڕۆ لە دوای نوێژی هەینی دانیشتووانی عەرەبی گەڕەكەكانی تەل حەجەر و غوێران لە حەسەكە خۆپیشاندانێكیان ئەنجام دا و داوای چەسپاندنی تەواوەتی دەسەڵاتی حكومەتی سووریایان كرد.
خۆپیشاندەران بە ئاڵای سووریاوە هەوڵیاندا بەرەو گەڕەكە كوردییەكان بڕۆن، بەڵام هێزە ئەمنییەكان ڕێگرییان لێكردن.
ئەم دۆخە لە كاتێكدایە كە شەوی ڕابردوو حەسەكە بەهۆی گردبوونەوەی گەنجانی كورد و بەكارهێنانی هێز لەلایەن ئاسایشەوە، گرژی و ئاڵۆزی زۆری بەخۆوە بینی، كە بەهۆیەوە چەند كەس بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەكانی روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە پێكدادانەكانی نێوان ئاسایش و ناڕازییان لە نزیك گۆڕەپانی پیشەسازی، 3 گەنجی كورد بریندار بوون و دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت.
لە ئێستادا ئاسایش ڕێوشوێنی توندی ئەمنیی گرتووەتە بەر و هاتووچۆی نێوان گەڕەكەكانی شارەكە سنووردار كراوە.
روانگەی سووری هۆشداری داوە لە مەترسییەكانی قووڵبوونەوەی دابەشبوونی كۆمەڵایەتی و داوای لە پیاوماقوڵانی شارەكە كردووە دەستبەجێ بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و ڕێگریكردن لە هەر جۆرە ململانێیەكی توندوتیژتر نێوەندگیری بكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە