2 کاتژمێر پێش ئێستا
119 جار خوێنراوەتەوە
"بەرهەمهێنانی غاز بۆ كارەبا كەمدەبێتەوە، بەڵام كاریگەریی لەسەر غازی ماڵان نابێت"
پەیام
بەهۆی كارەكانی چاككردنەوە، بەرهەمهێنانی غاز بۆ كارەبا بە شێوەیەكی بەرچاو كەم دەبنەوە، بەڵام كاریگەریی لەسەر غازی ماڵان نابێت و دابەشكردنی ئەو سووتەمەنییە بەسەر هاوڵاتییاندا بەردەوام دەبێت.
وەزارەتەكانی كارەبا و سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ڕایانگەیاند كە بەهۆی دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی كارەكانی چاككردنەوەی كۆمپانیای دانەغازەوە، بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بە بڕی هەزار و 70 مێگاوات كەم دەبێتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوە هاوبەشەكەی هەردوو وەزارەت، بڕیار وایە لە كاتژمێر 12ی ئەمشەوەوە بۆ ماوەی 4 ڕۆژ هەناردەی غازی سروشتیی لە كێڵگەی كۆرمۆر لە 520 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ 260 ملیۆن پێ سێجا كەم بكرێتەوە.
ئەم پرۆسە تەكنیكییەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەرچاوی ناردنی سووتەمەنیی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی وزە.
هەردوو وەزارەت جەخت دەكەنەوە كە هەموو هەوڵێكی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی كەمترین كاریگەریی نەرێنیی لەسەر كاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانیی بە هاووڵاتییان هەبێت.
هاوكات لە ڕاگەیاندراوەكەدا دڵنیایی دراوە كە ئەم پرۆسەی چاكسازییەی دانەغاز بە هیچ شێوەیەك نابێتە هۆی كەمبوونەوەی غازی شلی ماڵان و دابەشكردنی ئەو سووتەمەنییە بەردەوام دەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە