2 کاتژمێر پێش ئێستا
144 جار خوێنراوەتەوە
ڕاپەڕین.. 11كۆچبەر گەڕێنرانەوە و بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنكراوانی دیكەش بەردەوامە
پەیام
11 كۆچبەری هەرێمی كوردستان لە لیبیاوە گەڕێنرانەوە هەرێم و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنكراوانی دیكەش بەردەوامە.
شەوی ڕابردوو 11 گەنجی دانیشتووی ئیدارەی ڕاپەڕین، كە هەوڵیان دابوو بە ڕێگەی نایاسایی لە لیبیاوە بەرەو ئەوروپا كۆچ بكەن، لە ڕێگەی گەشتێكی ئاسمانییەوە گەڕێنرانەوە هەرێمی كوردستان و لە فڕۆكەخانەی هەولێر ڕادەستی كەسوكاریان كرانەوە.
ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەكانی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بەهۆی هەنگاوە گرنگەكانیانەوە، ڕێژەی كۆچی نایاسایی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە و هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی 10 گەنجی دیكەی ناوچەكە بەردەوامن.
لە لایەكی دیكەوە، ئەحمەد سەحاف، كاربەڕێكەری كاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، ئاماژەی بەوە كرد كە لە دوو ساڵی ڕابردوودا 402 كۆچبەری عێراقی گەڕێنراونەتەوە.
هاوكات باڵیۆزخانەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان، لە ڕێگەی پشكنینی DNAـەوە خەریكی ناسینەوەی 18 تەرمە كە لە كەناراوەكانی لیبیا دۆزراونەتەوە.
سەحاف هۆشداری توندی دا بە گەنجان و خێزانەكانیان كە تێكەڵی تۆڕەكانی قاچاخچییەتی نەبن، چونكە ئەو ڕێگە نایاساییانە پڕن لە مەترسی خنكان و چارەنووسی نادیار، جەختیشی كردەوە كە حكومەت لە هەوڵەكانی بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسی هاووڵاتییانی دیكە بەردەوام دەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە