خاليد سلێمان 05/08/2025 153 جار خوێنراوەتەوە

چۆن قەیرانی بێئاویی تێپەڕێنین؟

ئەو بێئاوییەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی عیراق و هەرێمی کوردستان بووەتەوە، دەرەنجامی یەک وەرزی بێبارانی نیە، بەڵکو کەڵەکەبووی چەندان ساڵ لە بێباکی و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنان و نەبوونی بەڕێوەبردنێکی وردی دوورمەودایە بۆ سەرچاوەی ئاو.
نزیکەی ٢٠ ساڵە ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکانی دنیا باس لەوە دەکەن کە ناوچەکەی ئێمە لە ڕووی دەرامەتە سروشتییەکان و سیستمی ژینگەییەوە، بەرکەوتەی یەکەمی گۆڕانی کەشوهەوایە، بەتایبەتیش لە ڕووی دابارین و سەرچاوەکانی ئاوەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەرنامەیەکی دوورمەودا بۆ ئەم قەیرانە دانەنراوەو نەخراوەتە پێشینەی سیاستە گشتییەکانی ‌حکومەتەوە.
هەموان فاکتەرەکانی پشت قەیرانی ئاو دەزانین وەک:
- سیاسەتی هەرێمایەتی و بەکارهێنانی ئەم سەرچاوە سروشتییە وەک چەکێکی ئەمنی و سیاسی دژی عیراق و هەرێمی کوردستان.
- ئیدارەدانی خراپی ئاو.
- پیشەسازی نەوت.
-گۆڕانی کەشوهەواو کەمبوونەوەی دابارین.
- هەڵکشانی ژمارەی دانیشتوان و زیادبوونی داخوازی لەسەر ئاو.
لە پشت ئەم هۆکارانەوە نەبوونی پلانێکی درێژخایەن هەیە، هەروەها نەبوونی ئیدارەدانێکی وردی Micromanagement بۆ ئەم گەوهەرە سروشتییە.
ئێستا درەنگە، بەڵام هێشتا کات لەدەست نەچووەوەو دەکرێ حکومەت لەبری ئەم هەموو چاوخستنە سەر نەوت و گاز، لایەک لە سەرچاوەی ئاو بکاتەوەو وەبەرهێنانی تیا بکات. ئیتر سیاسەتی کۆکردنەوەی ئاو لە بەنداوەکانداو دابەشکردنیان، دادی ئەمڕۆ نادات و مۆدێلێکی بەسەرچووە، ئەی چی بکەین؟
یەکەم هەنگاو لە دیاریکردنی باشی هەر تاکێکەوە دەست پێدەکات. ئەگەر زیادەڕۆیی لەو بەشە هەبوو دەکرێت ڕیگەچارەی بەرزکردنەوەی نرخی ئاو بگیرێتە بەر. بەڵام هەنگاوێکی وەها بەبێ عەدالەتی ئاو بەڕێوە ناچێت، مەبەست ئەوەیە ماڵ و ڤێلای بەرپرس و باڵادەستەکان پڕ نەبن لە حەوزی مەلەکردن، هەژاران و خەڵکی گشتیش بە (میلیمەتر) ئاو بەکار بهێنن.
دووەم هەنگاو سەپاندنی سیستمی سمارت و سەنسەرە (حاسە) لە تۆڕەکانی دابەشکردن و بەکارهێنانی ئاودا لە هەموو کەرتەکاندا (ڕیستۆرانت، قاوەخانە، مزگەوت و کۆمپانیاو شوێنە گشتییەکان). هەڵبەتە بە ماڵان و سیتییەکانیشەوە. بۆ نموونە لە کاتی دەسنوێژگرتن لە مزگەوتەکاندا یان دەست شتن لە شوێنە گشتییەکاندا، هەروەها لە ماڵاندا، ڕێژەیەکی زۆر ئاو بەفیڕۆ دەچێت، تاکە میکانیزمێک ڕێگە لەم بەفیڕۆدانە بگرێت، دانانی (حاسە)یە بۆ بۆڕیەکانی ئاو.
سێیەم هەنگاو، گۆڕینی مۆدێلی بەنداوی کۆن و باوە، بۆ عەمبارکردنی باراناو لە ژێر زەویدا، ئەوەش لە پێناو کەمکردنەوەی ڕێژەی بە هەڵمبوون و بەشداریکردن لە نوێکردنەوەی ئاوی ژێرزەویدا. ئەم میکانیزمە پێویستی بە گۆڕینی پلانەکانی دامەزراوە پەیوەستەکان هەیە بە ئاوەوە، هەروەها گۆڕینی بەنداوی گەورەی مەرکەزیی بۆ عەمباری لۆکاڵی و بچووک بە پێی داخوازی ناوچەکان و دانیشتوانەکانیان.
چوارەم هەنگاو، دەسبردنە بۆ ئاوی قورس و بەکارهاتوو وەک سەرچاوەیەکی جێگرەوە لە پیشەسازیە جیاجیاکاندا، هەروەها بۆ ئاودێری و ڕووبەرە سەوزەکانی ناو شارو شارۆچەکەکان. تەنانەت دەکرێت بە ئاوی بەکارهاوتوو، دووای پاڵاندن و پاککردنەوەی، ناوچەی سەوزو شێدار دروست بکرێت کە بەشدارییەکی کارا لە چالاککردنی سوڕی ئاودا دەکات. بۆ نموونە ١٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا، باشووری شاری سلێمانی لە تانجەڕۆ بەخوارەوە، ناوچەیەکی سەوزو شێدار بووەو یەکەم جڤاتی مرۆیی تیا دروست بووە لە مێژووی زەویدا. دەکرێ ئەم ناوچەیە جارێکی بە ئاوی بەکارهاتووی شار، وەک سەرچاوەیەکی ئەڵتەرناتیڤ، بکرێتەوە خاکێکی شێدارو سەوز.
هەنگاوی پێنجەم دەسبردنە بۆ سیستمی بەکاربردنی خۆراک لە هەموو ئاستەکاندا. وەک دەزانین بەرهەمهێنانی خۆراک پێویستی بە ئاوێکی زۆرە تا دەگاتە سەر خوانەکانی ئێمە. بەفیڕۆدانی خۆراک لە بنەڕەتدا بەفیڕۆدانی ئاو، بە پێچەوانەشەوە دەسگرتن بە خۆراکەوە دەسگرتنە بەسەرچاوەکانی ئاوەوە.
هەنگاوی شەشەم پاراستنی ‌دەریاچەو حەوزە ئاوەکانە لە هەندێ چالاکی بێ پەرواو بێ پرانسیپ لەسەریان. هەر کەسێک ئێوارانێک بچێتە سەر دەریاچەی دوکان کە سەرچاوەی بوون و ژیانی ئێمە، بۆی دەردەکەوێت چی دەستدرێژییەکی ڕۆژانە بۆ سەر ئەم حەوزە ئاوە هەیە.
هەنگاوی حەوتەم، پاراستنی ئاوی ژێر زەوییەو دانانی ڕێکاری نوێ لە بەکارهێنانیدا، چونکە بەکارهێنەرانی ئەم سەرچاوەیەی ژێر زەوی لەم ڕۆژگارەی کوردستاندا، لەو کەسە دەچن کە کارەکەی لەدەستداوەو هیچ داهاتێکی ڕۆژانە، هەفتانە یان مانگانەی نیە، لە ماڵەوە هەندێ خەرجی هەیەو لەسەر ئەوە دەژی، بەڵام ڕۆژێک دێت کۆتایی بەو خەرجییە بێت، چونکە هیچی ناکەوێتە سەر. لەبەر ئەم هۆکارە دەبێ ئەم ئاوی ژێر زەوییە بە دڵۆپە بەکار بهێنین و زیادەڕۆیی تیا نەکەین.



لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا