1 کاتژمێر پێش ئێستا
145 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: بۆردومانکردنی ژێرخانەکان هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان
وتەبێژی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند کە بەئامانجگرتنی وێستگەکانی ئاو و خزمەتگوزاری لە لایەن ئەمریکاوە، بە واتای هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیانی خەڵکی مەدەنی دێت و تاران لە بەرانبەر ئەم فشارانەدا کۆڵ نادات.
حکومەتی ئێران ڕایگەیاند، کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا چەندین ژێرخانی گرنگیان لە ناوخۆی وڵاتدا بۆردومان کردووە، بە تایبەتی وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو کە زیانی زۆریان بەرکەوتووە. وتەبێژی حکومەت جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە ڕاستەوخۆ ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دەکەنە ئامانج و نیشانەی شکستی سیاسەتەکانی واشنتۆنە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە زیانەکان کار دەکەنە سەر تەندروستی و بژێوی گشتی، بەڵام تاران هەموو توانایەکی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم بۆردومانانە خستووەتە گەڕ.
لەلایەکی تریشەوە، وتەبێژی حکومەت دووپاتی کردەوە کە وەڵامی ئێران بۆ ئەم دەستدرێژییانە بریتی دەبێت لە پەرەپێدانی زانست، هەوڵی زیاتر و پتەوکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی. ناوبراو ڕایگەیاند کە ئێران تەنها بە پشتبەستن بە هێز و توانای گەنجەکانی بەهێز دەمێنێتەوە و هیچ هەڕەشەیەک ناتوانێت ئیرادەی گەلی ئێران تێکبشکێنێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی پەرەسەندنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی ئێران، لە ناو دۆخێکی ئەمنیی زۆر ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە