بەشدار هەمزە
29/09/2025
1014 جار خوێنراوەتەوە
ڕووداوەکەی زانکۆی ئەمریکی، شۆڤینیزمی ئایینی بە ناوی قەومیەت
ڕووداوەکەی زانکۆی ئەمریکی، شۆڤینیزمی ئایینی بە ناوی قەومیەت
لە هەموو مێژووی جیهاندا هەرگیز عهلمانییەتێکمان نەبینیوە کە تەنها دژی دینی قەومی خۆی بێت، تەنانەت لە توندترین سیستەمە کۆمۆنیستیەکانیشدا - لە یەکێتی سۆڤیەت لە سەردەمی لینین و ستالین، چین لە سەردەمی ماو تسێ تۆنگ، یان تونس لە سەردەمی بورقیبە - علمانیەت دژی هەموو ئایینەکان بوو، نەک تەنها یەکێک، بەڵام لە کوردستان شتێکی جیاواز دەبینین عهلمانیەتێک کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بەرنامەڕێژراو تەنها مسوڵمانان دەکاتە ئامانج.
ڕووداوی دوێنێ لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی نموونەیەکی ڕوونی ئەم دژایەتیە بوو، سوکایەتی بە حیجابی ئافرەتی مسڵمان کرا - کارێک کە هیچ پاساوێکی نییە و ڕەنگدانەوەی کینەیەکی قووڵە. ئەم دژایەتیە هێندە بەرنامەڕێژراو و سیستەماتیکە کە ئیتر نابێت بە شێوەیەکی ساکار یان کردەوەی تاکەکەسی لێک بدرێتەوە. کاتێک خەڵک ناڕەزایی نیشاندا، بەرپرسان و لایەنگرانیان فێڵێکی چەواشەکارانەیان کرد و وتیان “ئەمە سوکایەتی بە مسوڵمان نییە، مەبەستمان ڕێکخراوی داعشە!” ئەم فێڵە واتای ئەوەیە کە هەر کەسێک لەم سوکایەتییە ناڕازی بێت یانی پشتگیری داعشی کردووە، بە واتایەکی تر هەر مسوڵمانێک یەکسانە بە داعش، ئەگەر ناڕازی بیت، دەتگرن بە تۆمەتی پشتگیری تیرۆر. واتا ئەگەر کەسێک ناڕازی بێت لەم سوکایەتیە، پێستەکەی دەبەن بۆ دەبا خانە بە تۆمەتی پشتگیری داعش، ئەمە نەک تەنها هەڵەیەکی منطقیە، بەڵکو چەشنێکە لە شۆڤینیزمی ئایینی کە بە فێڵبازی دادەپۆشرێت.
لە کوردستان دووانەیەکی ترسناک هەیە. لەگەڵ ئیسلام ئازادی تەواوت هەیە بۆ سوکایەتی، ڕەخنە، گاڵتەجاڕی و هەموو جۆرێک لە هێرش. بەڵام لەگەڵ هەر ئایینێکی تر، بە یەک وشەش باسیان بکەیت دەبیتە توندڕەو، ناویان بهێنیت دەبیتە خەتەر بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی، ئاماژەیان پێ بکەیت دەبیتە دژی بەیەکەوە ژیان، تەنانەت بەرگریشیان لێ بکەیت دەبیتە تیرۆریست. بەڵام ئەگەر گەندەڵی ئیداری و دزی لە دامەزراوەکانی حکومەت باس بکەیت، ئەگەر بڵێیت حکومەت و حیزبەکان نقومبوونە لە فەسادی سیاسی و ئابووری، ڕاستەوخۆ دەکرێیتە ئامانج و گرتن و کوشتن و ونکردن دەستپێدەکات. ئا ئەمەیە ئازادی ڕادەربڕینی عهلمانیەتی کوردی!
کاتێک دەتوانیت گاڵتە بە ئیسلام بکەیت، پێی پێبکەنیت، سووکایەتی پێ بکەیت، بەڵام نابێت تەنانەت ناوی ئایینێکی تریش بهێنیت بەبێ ئەوەی تاوانبار بکرێیت، ئەمە ئازادی نییە بەڵکو سەرکوتی ئامانجدارە، ئەمە عهلمانیەت نییە بەڵکو فاشیزمی کەلتووریە، ئەمە یەکسانی نییە بەڵکو دژایەتی کینەدارە. ئەم سیستەمە بە ترس کار دەکات - ترست هەیە لە تۆمەتبارکردن، ترست هەیە لە دەستگیرکردن، ترست هەیە لە کۆتایی هێنان بە کارەکەت، ترست هەیە لە دوورخستنەوە لە کۆمەڵگا. ئەمە چۆن جیاوازە لە ئەو ڕژێمانەی کە هەمیشە ناکۆک بووین لەگەڵیان؟
ئەم دووانەیە زیاتر ترسناک دەبێت کاتێک بە ناوی قەومایەتی دەکرێت. ئەگەر ئەمان قەومی بوون و کورد بوون، بە کاری لە پێشینەیان دەزانن کە کوردێکی مسوڵمان و کوردێکی غەیرە مسوڵمان خۆ هەر کوردن. بەڵام بۆ کوردە مسڵمانەکان کە زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی پێکدەهێنن، ئاوا سەرکوت و سەرکۆنە و سووکایەتیان پێ دەکرێت. دەبێت دەنگدەرە مسوڵمانەکان ئیتر هەڵوێستە بکەن و لە خۆیان بپرسن ئایا دەنگدان بەم حیزبانە بەشداری بوون نییە لەم سووکایەتیە؟ لە کاتێکدا کە سی ساڵە قەومیەکان شکستیان خواردووە لە دەوڵەتداری و دەوڵەتسازی، شەڕی ناوخۆیان لە شاخ و لە شار درووست کردووە، شکستیان هێناوە لە پەیوەندی نێودەوڵەتی دوژمنیان زیاد کردووە بۆ میللەتی کورد، شکستیان هێناوە لە دیموکراسی، لە ئابووری سەربەخۆ، لە دەوڵەتمەداری، لە سیاسەتی ناوەخۆ و بەیەکەوە ژیان، سەرەڕای هەموو ئەم شکستانە، تەنها کارێکیان ماوە کە شانازی پێوە دەکەن - دژایەتی لەگەڵ ئایین! ئەم “عهلمانیەتە” کوردیە گەورەترین فێڵی سەدەیە. بە ناوی ئازادی، ئازادی دەبڕێت. بە ناوی یەکسانی، جیاوازی دروست دەکات. بە ناوی پێشکەوتن، گەڕانەوەیە بۆ دواوە. وەرن با ڕوو لە ڕاستی بکەین - ئەمە عهلمانیەت نییە، ئەمە دژایەتی و کینەیە کە بە ماسکی پێشکەوتنخوازی دادەپۆشرێت. ئەگەر ئەمە عهلمانیەتە، ئەوا شۆڤینیزمی ئایینی چیە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی بەشدار هەمزە