2 کاتژمێر پێش ئێستا
194 جار خوێنراوەتەوە
پیرمام.. شاندی باڵای كۆمهڵ و پارتی كۆبوونهوه
پهیام
شاندێکی باڵای کۆمەڵی دادگەری بە سەرۆکایەتیی مامۆستا عەلی باپیر لە پیرمام لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە، له كۆبوونهوهكهشدا تاووتوێی قەیرانە داراییەکان، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و ئاڵۆزییەکانی ناوچهكه كرا.
له كۆبوونهوهكهدا تیشک خرایه سەر باری گوزەرانی هاووڵاتیان و ئەو قەیرانە کەڵەکەبووانەی ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەتایبەت دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و سەختیی بژێویی خەڵک، کە هەردوولا ڕەهەند و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان لەسەر ڕەوشی گشتیی هەرێم باس كرد.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس له پاراستنی هەرێمی کوردستان لە نێوان ئاڵۆزی و جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران كرا، هەروەها باس له پرسی بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی و گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا، بە شێوازێک کە گرەنتیی دابینکردنی شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکات.
شاندی باڵای كۆمهڵ و پارتی له کۆبوونەوەکە جەختیان لە گرنگیی سازانی ناوخۆیی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە، وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، هاوکات ئاماژەیان بە پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کرد.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە