1 کاتژمێر پێش ئێستا
329 جار خوێنراوەتەوە
كۆمەڵ: بەرپرسیارێتیی گەورەی هەر دۆخێکی نەخوازراو، دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵات
پەیام
لەبارەى دۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان و ئەو بارگرانییەى خراوەتە سەر شانى هاوڵاتییان، مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداریی بە دەسەڵات دەدات و داوا دەکات بە پەلە نرخى بەنزین و جۆرەکانى سووتەمەنى داببەزێنێت، بە پێچەوانەوە بەرپرسیارێتیی گەورەی هەر دۆخێکی نەخوازراو، دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵات.
ڕاشیدەگەیەنێت، "بێباکیی دەسەڵات لەبەرانبەر ئەم بارودۆخە بەتوندی ئیدانە دەکەین و بە بەرپرسیاری یەکەم لە تێکچوونی گوزەرانی خەڵکی دەزانین".
ئەمەش دەقى ڕاگەیەندراوەکەیە:-
بِسْمِ اللهِ الرَّحْمنِ الرَّحِيمِ
إِنَّ اللّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ
جەماوەری سەربەرزی کوردستان!
لایەنە سیاسییەكان و چین و توێژە زیانلێکەوتووەکان!
لەکاتێکدا ڕەوشی ئابووری و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی پڕ لە قەیران و مەترسی، بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی (بەتایبەت بەنزین) و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان، بارگرانییەکی تاقەتپڕووکێنی بەسەر هاووڵاتییان، کاسبکاران و شۆفێراندا سەپاندووە.
ئاشکرایە ئەم گرانکردنانە بە هەر پاساوێک بن، نەک هەر ڕاستەوخۆ ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیان پەك خستووە، بەڵکو تەواوی سێکتەرەکانی بازاڕ و کاسبییان تووشی داڕمان کردووە، كە ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵك داناوە.
ئەوەی جێی نیگەرانییە، بێباکی، بێخەمی، بێدەنگی و بێکرداریی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە بەرانبەر ئەم کارەساتە، کە بێگومان ئەمەش بەڵگەی ڕوونی گوێنەدانە بە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییان و دەستبەرداربوونی بەرپرسیارێتییە نیشتمانیی و نەتەوەيیەكانە لە پاراستنی ئاسایشی ئابووریی کۆمەڵگە، سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکان.
وێڕای ئەوە، کەمتەرخەمی لە ئیدارەدانی بازاڕدا و ڕێگەدان بە قۆرخکاری، خەریکە سەقامگیریی کۆمەڵایەتی بە تەواوی ڕووبەڕووی داڕمان دەکاتەوە.
لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکەینەوە:
١. بێباکیی دەسەڵات لەبەرانبەر ئەم بارودۆخە بەتوندی ئیدانە دەکەین و بە بەرپرسیاری یەکەم لە تێکچوونی گوزەرانی خەڵکی دەزانین.
٢. داواکاریین دەستبەجێ بۆ دابەزاندنی نرخەکان، بەپەلە و بەبێ هیچ دواکەوتنێک، نرخی بەنزین و جۆرەکانی سووتەمەنی بۆ ئاستێکی گونجاو داببەزێندرێت و ڕێگریی یاسایی توند لە بەرزكردنەوەی نرخ و قۆرخکاریی شتومەک لە بازاڕەکاندا بکرێت.
٣. ئەنجامدانی چاکسازیی ڕاستەقینە، دابینکردنی ژیان و گوزەرانی شایستە مافێکی شەرعی و دەستووری هاووڵاتییانە، نەک بەخششی دەسەڵات. چیدی ڕەوا نییە باجی شکستی حوكمڕانی و بێپلانی بخرێتە سەر شانی هاووڵاتیان.
هەر بۆیە هۆشداریی دەدەین کە بەردەوامبوونی دەسەڵات لەسەر ئەم ئاستە لە نابەرپرسیاری، ناڕەزایی زیاتری ڕای گشتی بەشوێندا دێت و دۆخەكە بەرەو خراپتر دەبات، ئۆباڵ و بەرپرسیارێتیی گەورەی هەر دۆخێکی نەخوازراویش، دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵات.
مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان
٢٠٢٦/٨/١
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە