بڕیار تهها
22/11/2020
845 جار خوێنراوەتەوە
پێکان لەمپەر بۆ سەرکەوتنەکانی کڵۆپ دروست ناکات
ئەگەر لە ڕابردوودا گومانێک هەبوو بێت سەبارەت بەوەی هەموو
سەرکەوتنەکانی لیڤەرپووڵ ناگەڕێتەوە بۆ لیڤەرپووڵ، ئەوا ئێستا دوای تووشبوونی
نزیکەی 7 یاریزانی کاریگەری یانەکەی و بردنەوە لە لێستەر سیتی و یەکسانبوون یاری ڕابردووش
بەرانبەر مانچستەر سیتی لەسەر یاریگای ئیتیحاد ئیدی تەواو لەوە دڵنیام تەواوی
سەرکەوتنەکانی لیڤەرپووڵ هۆکارەکەی یۆرگن کڵۆپە.
ڤان دایک تووشی پێکان دەبێت، کڵۆپ بە گۆمێز شوێنەکەی پڕ
دەکاتەوە، گۆمێز تووشی پێکان دەبێت، بە فابینۆ شوێنەکەی پڕ دەکات، سەڵاح پێکانی
هەیە جۆتا شوێنی پڕدەکاتەوە، هێندرسۆن پێکانی هەیە جۆنێز لە شوێنی یاری دەکات،
ئاڕنۆڵد پێکراوە میلنەر لە شوێنی یاری دەکات، نابی کێتا لە تایمی دووەم ئازاری
دەبێت و لە یاریگای دێتە دەرەوە میلنەر لە باڵی ڕاستی بەرگرییەوە دەچێتە ناوەند بۆ
پڕکردنەوەی شوێنی کێتا و ویلیامزی لاو بۆ پڕکردنەوەی شوێنی میلنەر لە باڵی ڕاست و
لەسەر حسابی کێتا دێتە یاریگاوە، ئاستی فێرمینۆ وەک پێویست نییە، جۆتا هەمان ڕۆڵی
ئەو یاریزانە دەگێڕێت و یانەکە لە دابەزینی ئاستی هێرشبەرانی ڕزگاری دەبێت.
کڵۆپ بە مامەڵەکەی و ئەو شێواز و پلان و تاکتیکەی ماوەی
نزیکەی 5 وەرزە لە یانەکەدا کاری لەسەردەکات، وایکردووە نەک یاریزانانی یەدەگ بگرە یاریزانە
لاوەکانیش بە باشی لە داواکارییەکانی کڵۆپ تێبگەیەن و بەو پەڕی دڵسۆزی و تەرکیزەوە
ئەوە جێبەجێ دەکەن کە یۆرگن داوایان لێ دەکات.
سەرنج لە یاری لێستەر سیتی بدەن، سەرەڕای یاری نەکردن
ئەو ژمارە زۆرەی یاریزان کە بۆتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی یاریزانەکانیش لەسەر
کورسی یەدەگ، بەڵام تا نزیکەی خولەکی 80 لیڤەرپووڵ بە توانایەکی بەرزی
جەستەییەوە دەرکەوت و ماندووبوون بە یاریزانەکانەوە دیار نەبوو، هەرچەندە ڕاهێنەری
توانای جەستەیی ڕیدز لەم بەرزکردنەوەی توانای جەستەیی یاریزانانی لیڤەرپووڵ ڕۆڵی
هەیە، بەڵام دواجار ئەوە لێهاتوویی کڵۆپە یانەکەی گەیاندۆتە لوتکە.
بڕیار تەها
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی بڕیار تهها