بڕیار تهها
19/12/2020
957 جار خوێنراوەتەوە
زۆر بە سادەی و سانایی، ئەرسیناڵ بۆ دەدۆڕێت؟
شیکاری وەرزشی
زۆر بە سادەی و سانایی
+ ئەرسیناڵ بۆ دەدۆڕێت؟
- لەبەر ئەوەی بەرگرییەکەی خراپە.
+ ئەی بۆچی بەرگرییەکەی لاوازە و گرفتی ئەرسیناڵ چییە؟
- لەبەر ئەوەی ئەو یانەیە نە خاوەنی پلانێکی دیاریکراوە، نە تاکتیکییەن
توانای هەیە پلانێکی جێبەجێ بکات.
+ ئەرسیناڵ بۆچی پلانێکی دیاریکراوی نییە؟
- لەبەر ئەوەی ئەرسیناڵ خاڵی بەهێزی نییە، لە ڕابردوودا یانەکە خاڵی بەهێزی
بریتی بوو لە هێرشبردنێکی خێرا و هێرشبەرێکی لێهاتووی و گۆڵکاری وەک (ئۆبامیانگ)،
بەڵام لە ئێستادا ئەو خاڵە بەهێزەش بوونی نەماوە.
+ بۆچی ئەرسیناڵ خاڵی بەهێزی نییە؟
- خاڵی بەهێزی سەرەتا لە یاریزانەکاندا سەر هەڵدەدات، توانای هونەری و
کارامەیی یاریزانەکان لەسەر ئاستی تاکە کەسی دەردەکەون و هەست بەوە دەکرێت لەسەر
ئاستی هێڵەکان چەندین یاریزانی باش هەن، دواتر ڕاهێنەری ژیر و بەپەرۆش ئەم توانا
هونەری و کارامەییە یاریزانەکان هەست پێ دەکات و لە چوارچێوەی پلانێکی دیاریکراودا
بە شێوەیەکی تاکتیکی کاری لەسەر دەکات و یانەکە بەرەو پێش دەبات، تا ئەوەی
ڕێکخراوی بە یانەکەوە ڕەنگ دەداتەوە و دەبێتە ناسنامەی تیپەکە، بەڵام لە ئەرسیناڵ
توانای یاریزانەکان لە ئاستێکی مامناوەندان و ئەم کۆمەڵە یاریزانی ئێستا بە پۆشینی
درێسی تۆپچییەکان کەوتوونەتە ڕێژ فشارەوە، چونکە لە ئاست یانەکەی گەورەی وەک
ئەرسیناڵدا نین، هەر ئەم کۆمەڵە یاریزانە مامناوەندە وایکردووە یانەکە لە ڕیزبەندی
ناوەڕاستدا بێت، واتا ڕیزبەندی یانەکە لەگەڵ ئاستی یانەکە یەک دەگرێتەوە و ئەمەش
وایکردووە ڕاهێنەر تووشی سەر لێشێواوی ببێت و گۆڕینی ڕاهێنەر نەبێتە چارەسەر بۆ
یانەکە.
+ بۆچی ڕاهێنەرانی ئەرسیناڵ بە گشتی و میکێڵ ئارتێتا سەرلێشێواوی ڕوویان
تێدەکات؟
- لە دوای ئارسین ڤینگەر هیچ کام لە ئۆنای ئیمری و ئارتێتا لە ئاستی ئەوە
دۆخە قورسەدا نەبوون کە یانەکەی تێکەوتووە، ئەم دۆخەی ئێستای ئەرسیناڵ سەرچاوەکەی
دەگەرێتەوە بۆ چەندین ساڵی کۆتایی ئارسن ڤینگەر، ئەزموونی ئارتێتا وەک یاریدەدەری
گواردیۆلا لە مانچستەر سیتی هێندە زۆر نەبووە تا ئەوەی کۆمەکی ئەم ڕاهێنەرە لاوەی
بکات بتوانێت بەسەر تەواوی گرفتەکانی گەنەرزدا سەربکەوێت و یانەکە بۆ ڕکابەرییەکان
بگەڕێنێتەوە، هەر بۆیە ئاست نزمی یاریزانەکان ئارتێتای ناچارکردووە بەردەوام
گۆڕانکاری لە یاریزانە سەرەکییەکاندا بکات و تەنانەت لە نەخشە پلان و دارشتەی
هێڵەکانیشدا نەگاتە پێکهاتەیەکی جێگیر، یارییەک بە پلانی 4 بەرگری یاری دەکات و یاری دواتر بە دوو
دڵییەوە بە پلانی 3 بەرگری یاری دەکات، تەنیا هێڵی هێرشبەری بە نموونە وەربگرین چ پیپی و چ ویلیان و چ
لاکازێت نە یاریزانی سەرەکین و نە یاریزانی یەدەگن، لە هێڵەکانی دیکەش بە نزیکەیی
هەمان گرفت هەیە.
لە کۆتاییدا دوو خاڵی زۆر گرنگ
یەکەم – ئاستی یانەکانی پرێمەرلیگ بە گشتی و یانە مامناوەندەکان ساڵ دوای
ساڵ لە بەرزبوونەوەی بەرچاودایە و ئەمەش وایکردووە ئەرسیناڵ ئەگەر ئاستی وەک خۆشی
مابێتەوە ئەوا ئاستی یانەکانی دیکە بە جۆرێک بەرزبۆتەوە تۆپچییەکان کەوتوونەتە
دواوە، ئەمەش هێندەی دیکە ئەرکی یانەکەی قورس کردووە.
دووەم پ هیچ یاریزانێکی لە ئەرسیناڵ وەک کاریزمان دەرناکەوێت و کەم یاریزان
هەیە بە بەرپرسیارێتییەوە یاری بکات و لە یاریگادا یاریزانەکان گرجوگۆڵ بکاتەوە و
سەرکردایەتی یانەکە بکات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی بڕیار تهها