ئه‌حمه‌د هێرۆیی 01/12/2022 416 جار خوێنراوەتەوە

چەند ڕاستیەکی دەرونی لە بارەی هاندەرانەوە

ئێمەی هاندەری یارییە وەرزشییەکان زۆربەمان وا هەست دەکەین هاندەرایەتی کردنی تیپێک شتێکی سادەیە، بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە، چونکە ئەم کاریگەرییانەی هەیە.

یەکەم/ سەرەتا دەبێ ئەوە بزانین ڕکابەری هاندەران تەنها لە سەر هاندانی یاریزانەکان و تیپەکان نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە بۆ بەرامبەرەکانیان بیسەلمێنن کە هەڵبژاردنەکانی ئەوان ڕاستترن، هەر بۆیەش دەبینین زۆر جار دوو هاوڕێ لە پێناو ئەو تیپانەی کە هاندەریانن تەنانەت ناکۆکیش دروست دەکەن بەیەکەوە، هۆکاری ئەوەش ئەوەیە کە هەر یەک لە ئەوان دەیەوێت بە ئەوەی تری بسەلمێنێت کە هەڵبژاردنەکەی ئەو ڕاستترە.

دووەم/ تۆی هاندەر ئەو کاتانەی تیپەکەت براوە دەبێت ئەوا بۆچوونەکانت لەسەر خۆت باش و ئەرێنی دەبن، چونکە پێت وایە کەسێکی زیرەکیت و هەڵبژارنەکانت ڕاست و دروستن، بەڵام ئەگەر تیپەکەت تووشی شکست بوو ئەوا بۆ چوونەکانت لەسەر خۆت پێچەوانە دەبنەوە و پێت وایە تۆ کەسێکی هەڵبژاردنەکانت زیرەکانە نین و بە گشتی بۆچوونێکی خراپ و نەرێنی لەسەر خۆت دروست دەکەیت.

سێیەم/ هەروەها هاندەر هەمیشە وا هەست دەکات یاریزان و هاندەرانی تیپەکەی خۆی زۆر تایبەتن و زۆر پیشەگەر و ڕەوشت بەرزن، بەڵام هاندەرانی بەرامبەر شەڕانگێزو بێ زانیاری و ناڕۆشنبیرن.

چوارەم/  کاتێک تیپەکەت سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، خۆت دەکەیت بە بەشێک لەو تیپەی هاندەری وەکو ئەوەی تۆش بەشداربیت لە بەدەستهێنانی سەروەریەکەیان و دەڵێی یاریزانەکانمان، ڕاهێنەرەکەمان، تیپەکەمان، بەڵام کاتێک تیپەکەت دەدۆڕێت خۆت بێ بەری دەکەیت لە ئەوان و دەڵێی ئەو ڕاهێنەرە، ئەو یاریزانانە، ئەو تیپە.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی ئه‌حمه‌د هێرۆیی

سەرەتا