ئەحمەد دینۆ
04/04/2024
688 جار خوێنراوەتەوە
بۆچی وشەی ڕیمۆنتادا لە تۆپی پێ دا واتا ڕاستەقینەکەی خۆی لە دەست داوە؟
زۆربەی کات لە زمان دا بە شێوەیەکی سروشتی ئەو وشانەی زۆر بەکاردێن واتای ڕاستەقینە لە دەست دەدەن، بۆ نمونە کەسێک سڵاو دەکات دەڵێ چۆنی؟ تۆش باش بیت یان خراپ، کەچی هەر دەڵێی باشم، لێرەدا لەوانەیە خراپ بیت، بەڵام دەڵێی باشم، کەواتە وشەی باشم لەو کاتەدا واتە ڕاستەقینەکەی خۆی لە دەست دەدات، چونکە بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕاستی بارودۆخەکە تۆ وەڵامێکی دیاریکراو دەدەیتەوە کە دەڵێی باشم.
لە تۆپی پێشدا وشەی ڕیمۆنتادا لە ڕاستیدا واتە گەڕانەوە لە شکستێکی قورسەوە بۆ سەرکەوتن، کە خەڵک پێشبینی ناکات، بەڵام تیپەکە کارێک دەکات نزیک لە ئەستەم، بۆ نمونە تیپێک چوار گۆڵ لە دواوەیە بەڵام پێنج گۆڵ دەکاتەوە و یارییەکە دەباتەوە.
بەڵام لە ئێستادا لە بەرئەوەی وشەکە زۆر بە نەزانی بەکاردێت، بۆ نمونە تیپێک گۆڵێکی لێ کراوە، دوو گۆڵ دەکاتەوە دەڵێن ڕیمۆنتادای کرد، ئێ لە تۆپی پێدا دواکەوتن بە گۆڵێک و دواتر تۆمارکردنەوەی دوو گۆڵ، ئەو ئەنجامانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە، بۆیە کاتێک خەڵک بۆ ڕاستکردنەوەی ئەنجامێکی وا بچوک وشەی ڕیمۆنتادا بەکاردێنن، بێ گومان واتا ڕاستەقینەکەی خۆی لە دەست دەدات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی ئەحمەد دینۆ