25/03/2024
1214 جار خوێنراوەتەوە
چۆن هاوکاری توشبووان بە نەخۆشی دەروونی بکەین؟
توشبووان بە نەخۆشی دەروونی، زۆرجار بەهۆی نەزانین
لە مامەڵەکردن لەگەڵیان، دەرووندروستییان خراپتردەبێت و دەکەونە دۆخێکی ناهەموارەوە!
ئایا ئێمە وەکو خانەوادە، هاوڕێ، کۆمەڵگە، .. چۆن دەتوانین هاوکاری توشبووان بکەین؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زۆرجار ڕووبەڕومان دەبێتەوە
و تاکەکانی کۆمەڵگە پێویستییان بە وەڵامە، لێرەدا ئاماژە بە پێنج خاڵ دەکەین کە دەبێت
ئەنجامیان بدەین، هەتا بتوانین ئازاری توشبووان بە نەخۆشی دەروونی کەمبکەینەوە:
یەکەم: هەرگیز مەهێڵە بێئومێد بێت!
بێهیوایی دەبێتە هۆی خراپتربوونی دۆخی دەروونی
نەخۆشەکان، بە پێچەوانەشەوە بوونی هیوا دەبێتە هۆی کەبونەوەی نیشانەکان! لەبەرئەوە
هەوڵبدە بەردەوام ئومێدی بۆ دروستبکەیتەوە، ئومێدیان پێبدەن کە:
- چەندین دەرمانی جیاواز و جۆراوجۆر هەن
کە دەتوانن ببنە هۆی چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان.
- زانست ڕۆژ بە ڕۆژ پێشدەکەوێت و چارەسەری
زیاتر و باشتر دەدۆزرێتەوە.
- چەندین جۆری چارەسەر هەن کە کاریگەری نەرێنی
وەکو خەواڵووکردن و گێژبون یان کێش زیادبونیان نییە!
- چارەسەری دەروونی لەسەر شێوازی جەلسات
لە کوردستانیش بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە!
- ژمارەی پزیشکانی پسپۆری دەروونی و چارەسەرکارانی
دەروونی زیادی کردووە، ئەگەر سودت لە چارەسەرکارێک وەرنەگرت دەتوانیت بچیتە لای کەسێکی
تر!
دووەم: بزانە نەخۆشییە دەروونییەکەی چییە!
هەوڵبدە کە ئاشنابیت بە جۆری شڵەژانە دەروونییەکەی،
ئەمەش لە چەندین لایەنەوە یارمەتیدەرە:
- دەتوانیت لەسەر نەخۆشییەکە زانیاری تەواو
وەربگریت، لە رووی چۆنییەتی توشبوون و چۆنییەتی چارەسەرەکان و هاوکاریکردنیان.
- بە زانینی هۆکاری توشبونەکەی هەوڵدەدەیت
هاوکاری بکەیت بۆ نەهێشتنی هۆکاری توشبوونەکە.
- دەزانیت کە دەبێت چی بکەیت هەتا نەخۆشەکە
هەست بە ئاسودەیی بکات.
- فشارە دەروونییەکانی لەسەر کەمدەکەیتەوە.
سێیەم: چارەسەرەکانی دەستکاری مەکە!
هەرگیز بە قسەی کەسانی ناپسپۆر لە بواری پزیشکی
د ەروونی چارەسەرەکانی مەگۆرە، و بریار لەسەر وەستاندن، گۆرین یان زیادکردنی چارەسەرەکان
مەدە، زۆرکەس بە نەزانانە باس لە نەخۆشی دەروونی دەکەن، نابێت تۆش ببیتە یەکێک لەو
کەسانە، لەم هەڵانە خۆت بپارێزە:
- دەرمانە دەروونییەکانی بەبێ ڕاوێژی پزیشک
بوەستێنیت یان کەمیان بکەیتەوە یاخود زیادیان بکەیت.
- نەهێڵیت نەخۆشەکە سەردانی چارەسەرکارانی
دەروونی بکات بە بیانوی ئەوەی کە تەنها ئامۆژگارییە و خۆی باشتر دەزانێت.
- بەبێ ڕاوێژی پزیشکی دەروونی دەرمانی بۆ
بەکاربهێنیت بە بیانوی ئەوە نەخۆشێکی تر سودی لەو دەرمانە بینیوە!
چوارەم: دوریانبخەنەوە لە چارەسەرکاری هەڵە!
کۆمەڵگای کوردی پڕبووە لە چارەسەرکاری هەڵە! بەجۆرێک
هەرکەسێک قسەدەکات پسپۆرە لە بواری چارەسەری نەخۆشییە دەرونییەکان و هیچیشی لێنازانێت
و تەنها دۆخەکە خراپتر دەکات! هەرگیز مەهێڵە نەخۆشەکەت ئەم هەڵانە بکات:
- سەردانی کەسانێک بکات کە بەناوی چارەسەری
ئاینی یان میلییەوە کاردەکەن؛ ئەم جۆرە چارەسەرانە دەبنە هۆی خراپتر بوون یان زۆربوونی
نیشانەکانی نەخۆشییەکە!
- بچێتە لای پزیشکێک کە پسۆرنەبێت لە
بواری پزیشکی دەروونی، ئەمە دەبێتە هۆی بێهیوابوونی نەخۆشەکە، کاتێک کە پزیشکەکە پێێدەڵێت
فەحسەکانت پاکە و هیچت نییە! هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆش پەنابەرێتە بەر چارەسەرە
هەڵەکان!
- بچێتە لای توێژەرێکی دەروونی یان کۆمەڵایەتی
کە شارەزایی نییە لە نەخۆشی د ەروونیدا، ئەم کەسانە لەوانەیە بەهۆی کەم شارەزاییەوە
ڕێنماییەک بدەن کە زیان بە نەخۆشەکە دەگەیەنێت، بۆنمونە زۆرجار کەسی توشبوو نەخۆشییەکی
توندی هەیە پاش سەردانی ئەم کەسانە دەرمانەکان دەوەستێنێت و دواتر کارەسات روودەدات!
- کارمەندی پزیشک کە نورینگەیان هەیە لە
گەرەکەکاندا، لەوانەیە دەرمانێکی بدەنێ کە ببێتە هۆی ئیدمان و هۆگربوون لەسەر دەمانەکە،
یان بەهۆی کەم شارەزاییەوە لەوانەیە رێنمایی نەخۆش بە هەڵە بکەن.
هەموو ئەو چوار لایەنەی سەرەوە، پێویست و گرنگن
بۆ کۆمەڵگە، سودی گەورەیان هەبوو لە بوارەکانی خۆیاندا، بەڵام چارەسەر و ڕێنمایی نەخۆشی
دەروونی ئەرکی پزیشکی دەروونی و چارەسەرکاری دەروونییە کە پسپۆرییان لە بوارەکەدا
هەیە.
پێنجەم: پشتیوانی بکەن!
هەتا دەتوانن ببنە پشتیوانیان، ئەم پشتیوانییەش
بەوە دەبێت کە هەوڵبدەین هانیان بدەین بۆ چەند کارێکی دروست و پێویست، وەکو:
- وەرزش و پیاسەکردنی ڕۆژانە؛ ئەم دووانە
دەبنە هۆی کەمکردنەوەی فشارەکان و ئاسودەیی دەروونی تاک.
- پشتیوانیان بە لە بەردەوام بوون لەسەر
پیشەکەیان، ئەگەر زۆر پێویست نەبوو مەهێڵە مۆڵەت بکەن. هەتا نەخۆشییەکە زیاتر زاڵنەبێت
بەسەریاندا!
- با بەردەوام لە رووی کۆمەڵایەتییەوە تێکەڵبن
و لەگەڵ ئەوانی تردا بەشداری بۆنە کۆمەڵایەتییەکان بکەن و لە کۆمەڵگە دانەبرێن.
- ڕێنماییان بکە کە تەندروست ژیان بکەن لە
روی خەو و خواردن و پاکوخاوێنییەوە.
- دوریان بخەنەوە لە بەکارهێنانی ماددەی
هۆشبەر، جا جگەرە و نێرگەلەبێت یان مەی و ماددە هۆشبەرەکانی تر بێت.
هەموو ئەوەی ئاماژەی بۆکراوە بنەمای زانستی هەیە،
دڵنیابن هەرکات توانیمان ئەو پێنج خاڵە بهێنینە دی ئەوە نەخۆشەکەمان زووتر و
ئاسانتر باشدەبێتەوە.
د.جەعفەر عومەر
پزیشکی پسپۆری دەروونی
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە