9 کاتژمێر پێش ئێستا
125 جار خوێنراوەتەوە
ڕێككەوتنی هەناردەكردنی نەوتی عێراق و هەرێم لە ڕێگەی توركیاوە نوێ ناكرێتەوە
پەیام
ڕێككەوتننامەی هێڵی بۆری نەوتی خاوی توركیا-عێراق ساڵێكی دیكە كۆتایی دێت. بۆ ئەوەی دووبارە نەوتی عێراق و هەرێمی كوردستان هەناردە بكرێت پێویستە ڕێككەوتنی نوێ بكرێت. ئەردۆغان بڕیاری داوە ڕێكەوتننامەكە نوێ نەكاتەوە.
میدیای فەرمیی توركیا بڵاوی كردەوە، ڕێككەوتننامەی هێڵی بۆریی نەوتی خاو كە لە ساڵی 1973ەوە تا ئێستا لە نێوان توركیا و عێراقدا كاری پێكراوە، لە 27ی تەمموزی 2026دا كۆتایی دێت.
ئەمڕۆش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا بڕیاری دا ڕێككەوتننامەكە نوێ ناكاتەوە، بڕیارەكەشی لە ڕۆژنامەی فەرمیی وڵاتەكەیدا بڵاو كردەوە.
بەپێی بڕیارەكە، ڕێككەوتننامەی هێڵی بۆری نەوتی خاوی توركیا-عێراق، پرۆتۆكۆڵی هێڵی بۆری نەوتی خاو و ڕێككەوتن و پرۆتۆكۆڵەكانی دیكەی پەیوەندیدار، لە 27ی تەمموزی 2026دا كۆتایی دێت. بەمجۆرە بۆ دووبارە هەناردەكردنی نەوتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە پێویستە ڕێككەوتننامەی نوێ بكرێت.
جێی ئاماژەیە، قۆناغی یەكەمی هێڵەكە لە چوارچێوەی ڕێككەوتننامەی هێڵی بۆری نەوتی خاو كە لە 27ی ئابی 1973 لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوو كرابوو، لە ساڵی 1976دا خرایە بواری جێبەجێكردنەوە. ڕێككەوتنەكە لە ساڵی 2010 نوێ كرایەوە و بۆ ماوەی 15 ساڵی دیكە درێژكرایەوە. بەڵام لە ساڵی 2023ـەوە بەهۆی سكاڵایەكی توركیاوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك لەڕێی ئەو بۆریەوە ڕاگیرا و هێشتنا دەستی پێ نەكردووەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە