2 کاتژمێر پێش ئێستا
86 جار خوێنراوەتەوە
لەسەر بانگهێشتی فەڕمی، نورى مالیکى لە هەرێمی كوردستانە
پەیام
سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە هەرێمی كوردستانە و چوارچێوەی هەماهەنگییش لە هەنگاوەكانی بۆ دیارییكردنی سەرۆكوەزیرانی نوێ بەردەوامە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن فوئاد حسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پێشوازی لێ كرا.
بەپێی ئەوەی هیشام ڕوكابی بەڕێوەبەری نووسینگەكەی ڕایگەیاندووە: نوری مالیكی بە سەرۆكایەتی شاندێكی چوارچێوەی هەماهەنگی و لە وەڵامی بانگهێشتنامەیەكی سەرۆكی پارتی و بۆ تاوتوێی پرسەكانی تایبەت بە پێكهێنانی سێ سەرۆكایەتییەكە و چەند بابەتێكی دیكە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.
لەلایەكی دیكەوە و بەپێی زانیارییەكان لیژنەی چاوپێكەوتنی پاڵێوراوانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی داهاتوو سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان ژیاننامەی پێنج پاڵێوراوی وەرگرتووە كە بریتین لە: نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، محەممەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەر، عەبدولحسێن عەبتان وەزیری وەرزش و لاوانی پێشووتر، حەمید شەتری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری و باسم بەدری سەرۆكی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری.
بەپێی زانیارییەكانیش لیژنەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەنێو پاڵێوراوەكاندا یەكێكی سەرەكی و یەكێكی جێگرەوە بۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران تایبەت بە دەنگدان لەسەر سەرۆكوەزیرانی داهاتوو دیاریی دەكات، وەك ئەگەری ڕەتكردنەوەی سەرەكییەكە تا پاڵێوراوێكی یەدەگیش ئامادە بێت.
لە دوای دەرچوونی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە وەك گەورەترین كوتلە پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلا دەكاتەوە، دوو لیژنەی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەت و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان پێك هێنا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە