2 کاتژمێر پێش ئێستا
74 جار خوێنراوەتەوە
لە هەر حەوت كاتژمێرێكدا لە فەرەنسا ژنێك دەكوژرێت، یان هەوڵی خۆكوشتن دەدات
پەیام
لە هەر حەوت كاتژمێرێكدا ژنێك لە فەرەنسا دەكوژرێت، یان مەترسی كوشتنی لەسەر دروست دەبێت و ئەمڕۆیش لەو بارەوە خۆپیشاندانێك لە وڵاتەكە بەڕێوە دەچێت.
بەپێی ڕاپۆرتێك كە نێردەی وزاریی بۆ پاراستنی ژنان "میپرۆف" لەبارەی چەرمەسەرییەكانی ژنان لە فەڕەنسا بۆ ساڵی 2024 بڵاوی كردووەتەوە، ئاشكرای كردووە: لە هەر حەوت كاتژمێرێكدا ژنێك لە فەڕەنسا لەلایەن هاوسەری ئێستای، یان ڕابردووی، دەكوژرێت، یان مەترسی كوشتنی لەسەر دروست دەبێت یان هان دەدرێت بۆ خۆكوژی، یان هەوڵی خۆكوژی دەدات.
میپرۆف لە ڕاپۆرتەكەدا كە لەلایەن ڕوانگەی نیشتمانی بۆ توندوتیژی ژنانەوە ئامادە كراوە و بەمدواییانە ڕادەستی كراوە ئاماژە بەوە دەكات "لە هەر دوو خولەكێكدا ژنێك لە وڵاتەكە دەستدرێژی دەكرێتە سەر لە هەر 23 چركەیەكیشدا گێچەڵی سێكسی بەرانبەر دەكرێت".
هاوكات 11%ی تاوانەكان دژی ژنان لەنێوان ساڵانی 2023 و 2024 ئەنجام دراوە و 107 ژن لەلایەن هاوسەرەكانی ئێستایان، یان ڕابردوویان كوژراون.
هەروەها 270 هەوڵی كوشتنیان دراوە و 906 ژن ڕووبەڕووی ئازاردانی سێكسی بوونەتەوە كە بووەتە خۆی خۆكوژی، یان هەوڵی خۆكوژییان داوە.
كۆی گشتیش هەزار و 283 ژن بوونە قوربانی توندوتیژی ماڵەوە كە بەراورد بە ساڵی 2023 زیادی كردووە، چونكە ئەوكات هەزار و 196 بووە.
لە بەرانبەردا ڕێكخراوەكانی بواری ژنان لە فەرەنسا لەژێر ناوی "كات تەواو بووە، ئێستا كاتی كاركردنە" هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە و داوای ڕژانە سەرشەقامەكانیان بۆ ئەمڕۆ لە ژنانی وڵاتەكە كردووە.
لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی لۆمۆند بڵاوی كردەوە: مانگرتن و خۆپیشاندانی ژنان كە نزیكەی 60 كۆمەڵە و ڕێكخراو لە خۆدەگرێت سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكە دەكات لە پاریس و بڕیاریشە دەیان ڕێپێوان لە شارەكانی دیكەی وەك لیل و لیۆن و لاڕۆشێل و بۆردۆ ئەنجام بدرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە