4 کاتژمێر پێش ئێستا
414 جار خوێنراوەتەوە
سەركردایەتیی كۆمەڵ: بەرپرسیارێتیی كەمكردنەوەی دەنگەكان لە ئەستۆ دەگرین و نەخشەی چاوبەخۆداگێڕانەوە دادەڕێژین
پەیام
ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەری كوردستان
كۆبووەوە و ڕایگەیاند، بەرپرسیارێتیی كەمكردنەوەی دەنگەكان لە ئەستۆ دەگرێت و نەخشەی
چاوبەخۆداگێڕانەوە دادەڕێژێت.
ئەمڕۆ، بە سەرپەرشتیی مامۆستا عەلی باپیر،
سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئەنجومەنی سەركردایەتیی حزبەكە كۆبوونەوەی ئاسایی
خۆی ئەنجام دا و هەڵسەنگاندنێكی ورد و هەمەلایەنەی بۆ ئەنجام و دەرئەنجامەكانی دواهەمین
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كرد. لە ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە:
یەكەم: ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەری
سوپاسی ئەندامان و دەنگدەرانی دەكات كە پشتیوانیی كۆمەڵ و كاندیدەكانی بوون و هەوڵی
شەو و ڕۆژیان خستە سەر یەك و ئەوەندەی لە توانایاندا بوو ئەنجامیان دا.
دووەم: ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
بەدەست هات لە ئاست چاوەڕوانیی ئەندامان و دڵسۆزانی كۆمەڵ نەبوو، بەراورد بە ڕابردوو
دەنگەكانی كۆمەڵ پاشەكشەی كردووە. ئەنجوومەنی سەركردایەتیی بەرپرسیارێتیی و ئۆباڵی
ئەنجامەكان دەخاتە ئەستۆی خۆی و، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت.
سێیەم: كۆمەڵی دادگەری بەم دواییانە كۆنگرەی
گرێ داوە و هێشتا تەشكیلاتی ئۆرگانەكانی نەكردووە، هەر بۆیە تەشكیل كردن و ڕێكخستنەوەی
مەڵبەند و مەكتەب و ئۆرگانەكان بەپێی هەلومەرجی گونجاو بە هەنگاوی یەكەمی خۆڕێكخستنەوە
دەزانێت، بۆ ئەو مەبەستەش سەركردایەتی لیژنەیەكی ڕاسپارد دەست بە تەشكیلاتی ئۆرگانەكان
بكەن.
چوارەم: پشتیوان بە خودا و بە ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە
و پلانی گونجاو كۆمەڵ نەخشەی چاوبەخۆداگێڕانەوە دادەڕێژێت، بە شێوەیەك گوڕوتینی زیاتر
بداتەوە بە ئەندامان و دۆستان و دڵسۆزانی.
پێنجەم: تایبەت بە نوێنەرەكەی كۆمەڵ لە پەرلەمانی
عێراق، بێگومان وەك هەمیشە لە خەمی بیروباوەڕ و مافی خەڵك و بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا
دەبێت. هەروەها ئەنجوومەنی سەركردایەتی ڕایسپارد كە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە براوەكانی
دەرەوەی دەسەڵات بكات بۆ كاری هاوبەش و پێكەوەیی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە