2 کاتژمێر پێش ئێستا
171 جار خوێنراوەتەوە
هەولێر.. لە دوو ڕووداوى هاتوچۆدا دوو کەس گیانیانلەدەستدا و حەوتى دیکەش برینداربوون
پەیام
لە ڕووداوێكی هاتوچۆدا لە قەزای پیرمام سەر بە پارێزگای هەولێر دوو كەس كە هەردووكیان بران، گیانیان لەدەست دا، هاوکات لە ڕووداوێكی هاتوچۆی دیكەدا لە سۆران، حەوت كەس بریندار بوون.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت: بەهۆی تیژڕەوی و خێرالێخوڕینەوە لەنێو تونێلی پیرمام، ئۆتۆمبێلێكی جۆری تاكسی كە سیستمی غازی تێدا بووە و وەرگەڕاوە و سووتاوە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر باس لەوەش دەكات "لە ئەنجامی ڕووداوەكە، دوو كەس كە برای یەكتری بوون سووتاون و گیانیان لەدەستداوە، دواتر تەرمەكانیان ڕەوانەی پزیشكی دادی هەولێر كراوە".
لە ڕووداوێكی هاتوچۆی دیكەدا لە سۆران، حەوت كەس بریندار بوون و هاتوچۆی سنوورەكەش داوا لە هاووڵاتیان دەكات پابەندی خێرایی دیاریكراو بن.
لە ڕاگەیەنراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران دەڵێت: ئاگاداركراینەوە لە هەبوونی ڕووداوێكی سەختی هاتووچۆ لە جۆری پێكدادان لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان لە ڕێگای گەلیی عەلی بەگ، بەهۆی رووداوەكەوە حەوت كەس بریندار بوون.
هاتوچۆی سۆران لە ڕاگەیەنراوەكەدا داوا لە شوفێران دەكەین پابەندی خێرایی دیاریكراو بن بۆ سەلامەتی هەموو لایەك.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە