1 کاتژمێر پێش ئێستا
190 جار خوێنراوەتەوە
مامۆستا عەلی باپیر پەیامی پیرۆزبایی ئاڕاستەی بەڕێوەبەر و كارمەندانی پەیام دەكات
پەیام
مامۆستا عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری بە بۆنەی هەژدەیەمین ساڵەی دامەزراندنی كەناڵی پەیام، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی بەڕێوەبەر و ستافی كەناڵەكە دەكات، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بە بۆنەی پێ نانە هەژدەیەمین ساڵەی كاركردنی كەناڵی ئاسمانیی پەیام، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەری گشتی و ستافی بەڕێوەبردن و سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و كارمەندانی كەناڵەكە دەكەم و، سوپاسی یەكە یەكەتان دەكەم و دەستی ماندوو نەبوونتان دەگووشم كە لێنەگەڕاون لە ماوەی كاركردنی كەناڵەكەدا، چرای ڕاستیی وێنە و وشە خامۆش بێت.
دەستپێكی كەناڵی ئاسمانیی پەیام لە ڕۆژگارێكدا بوو، هیچ كەناڵێكی ئاسمانیی كوردیی نەبوو گرنگیی بە پێگەی ئایینی میللەتی كورد و ڕەسەنایەتییەكەی بدات و، پانتاییەكی ئەوتۆ نەبوو بۆ كەسانێك ئازادانە ڕای خۆیان دەربڕن لەسەر شاشەی كەناڵەكان، بە جۆرێك پێچەوانەی خواست و بیركردنەوەی خاوەنەكانیان بێت.
كەناڵی ئاسمانیی پەیام وەك دەزگایەكی ڕاگەیاندنی بوێر و ڕاستگۆ و سەنگین، وێڕای ئەوەی دایكی ڕاگەیاندنی ئاسمانیی ئیسلامیی كوردییە، ڕاستیی و ڕەسەنایەتیی كردە دروشمی خۆی و، لە پەخشی هەواڵ و بەرنامەكانیشیدا بە جوانترین شێوە توانی ئەو دوو چەمكە بەرجەستە بكات و، بیانكاتە دوو چەمكی ئاشنا بە بینەری كوردستان.
كەناڵی ئاسمانیی پەیام سەرباری ئەوەی زمانحاڵی كۆمەڵە، بەڵام شانازیی ئەوەی بۆ خۆی تۆماركرد، كە زۆرترین پانتایی ئازادیی بۆ كاراكتەرە چالاكەكانی كۆمەڵگا بە سەرپێبوون (إنتماو) و بیركردنەوە و تێگەیشتنی جیاوازیانەوه فەڕاهەم كرد، كە بەبێ فلتەری سیاسیی ڕا و بۆچوونی خۆیان بڵێن، ئەگەر پێچەوانەی بۆچوونی حیزبەكەی پەیامیش بن. لەم ڕووەشەوە كەناڵی ئاسمانیی پەیام ڕچە شكێن و سەقافڵەیە و، دوای پەیام خەڵكی دیكە شوینپێیان هەڵگرت، هەرچەندە وەك ئەویشیان هەر پێنەكرا.
چاوەڕوانییمان لە ستافی بەڕێوەبردنی پەیام هەیە وەكو چۆن لە ڕابردوودا خاوەن پەیام و بنەما بوون و، ڕاستگۆیانە دەستتان بە درووشمەكانتانەوە گرتوە، لێرە بەدوا هەر ئاوا بن و پارێزگاریی لێ بكەن و، نەك فشارە جۆراوجۆرەكان ساردتان نەكەنەوە، بەڵكو شێلگیرانەتر و گەرموگوڕتر شان بدەنە ژێر كارەكانتان و، پەیام پەیامدارتر بكەن و، بەرەو پێشتری ببەن لە ڕووی شێواز و نێوەڕۆكەوە. وەك چۆن لە ڕابردوودا لە ڕووماڵ و ڕەخنەكانتان هاوسەنگانە و سەنگینانە مامەڵەتان كردوە، دوور لە زمانی بێ نەزاكەت و ناوزڕاندنی بەرانبەرەكان، هەر ئاوا بەردەوام بن و، كاردانەوە بەرانبەر ئاستی نزمی دەربڕینی كەسانێك و، هەندێك لایەن لە هێرشی ناڕەوا بۆ سەر كۆمەڵ و ڕەمزەكانی واتان لێ نەكات دابەزنە ئاستی ئەوان.
لێرەوە ڕایدەگەیەنم، وەك چۆن لە ڕابردوودا بە هەموو توانایەكمانەوە پاڵپشتی كەناڵی ئاسمانیی پەیام بووین، لێرە بە دواش هەروا دەمێنینەوە و، ئەوەی لە تواناماندا بێت درێغیی ناكەین.
دووبارە پیرۆزبایی هەژدەیەمین ساڵیادی كەناڵی ئاسمانیی پەیام پیرۆز بێت لە هەموو لایەك.
براتان
عەلی باپیر
1/12/2025 ز
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە