2 کاتژمێر پێش ئێستا
114 جار خوێنراوەتەوە
داهاتی مانگى 11ى نەوتی عێراق بە بەراورد بە مانگى 10، کەمیکردووە
پەیام
داهاتی مانگى 11ى نەوتی عێراق6 ملیار و 595 ملیۆن دۆلار بووە ئەوەش بەراورد بە مانگى 10ى ئەمساڵ کەمیکردووە کە 7 ملیار و 30 ملیۆن دۆلار بووە.
كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئامارە فەرمییەكانی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2025 بڵاو كردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، كۆی بڕی هەناردەكراو گەیشتووەتە 106 ملیۆن و 593 هەزار و 352 بەرمیل نەوتی خاو.
داهاتی بەدەستهاتوو لەم فرۆشە 6 ملیار و 595 ملیۆن و 391 هەزار و 674 دۆلار بووە، ئەمەش بەردەوامیی پشتبەستنی ئابووری وڵات بە نەوت وەك سەرچاوەی سەرەكیی داهات نیشان دەدات.
لە وردەكاریی ئامارەكاندا هاتووە، نەوتی بەسرە گەورەترین پشكی هەناردەی هەبووە كە بڕەكەی 98 ملیۆن و 709 هەزار و 795 بەرمیل بووە.
لە بەرامبەردا، 7 ملیۆن و 583 هەزار و 733 بەرمیل لە نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردە كراوە.
هەروەها بڕی 299 هەزار و 824 بەرمیل لە نەوتی باكوور لە كۆگاكانی كەركووكەوە بەرەو وڵاتی ئوردن ڕەوانە كراوە.
بەپێی ئەم ئامارە كۆی داهاتی نەوتی خاوی عێراق لە 7 ملیار و 30 ملیۆن دۆلار لە مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردووەوە، بۆ 6 ملیار و 595 ملیۆن دۆلار لە مانگی تشرینی دووەمدا دابەزیوە. ئەمەش بە واتای كەمبوونەوەی داهات بە بڕی 435 ملیۆن دۆلار و بە ڕێژەی 6.2 لەسەد دێت، كە هۆكارەكەی بۆ دابەزینی نرخی نەوتی عێراق بۆ 62 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دەگەڕێتەوە، كە ئەو بڕەی بەدەست هاتووە تەنها بەشی دابینكردنی مووچە دەكات، دوای لێدەركردنی خەرجیی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە