2 کاتژمێر پێش ئێستا
167 جار خوێنراوەتەوە
لە سلێمانی و كەلار بەهۆی باسكردنی كوردانی رۆژاوا گرژی لە دوو مزگەوتدا دروستبوو
پەیام
ئەمڕۆ لە كاتی وتاری هەینی لە چەند مزگەوتێكی كوردستان گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو، بە هۆی ئەوەی كە وتاربێژانی ئەو مزگەوتانە لەبارەی كوردانی رۆژاوای كوردستانەوە دواوون كە بەلای نوێژخوێنانە پەسەند نەبووە.
لە مزگەوتی بەختەوەری لە شاری سلێمانی لێكتێنەگەیشتن لە نێوان وتاربێژی مزگەوتەكە و نوێژخوێنان دروستبوو لە ئاكامدا مامۆستا ئاینییەكە مینبەری مزگەوتەكەی جێهێشت، دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەڵێت، وتاربێژەكە راگیراوە.
لە پەیامنێری پەیام گواستییەوە، لەكاتی وتاری هەینیدا وتاربێژی مزگەوتی بەختەوەری باسی هێزەكانی هەسەدە و دۆخی رۆژاوای كوردستانی كردووە، بەڵام نوێژخوێنانی مزگەوتەكە تێگەیشتنی مامۆستا ئاینییەكەیان پێ پەسەند نەبووە و لە ئاكامدا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەشی كە بڵاو كراونەتەوە، دەنگە دەنگ و ناڕەزایەتی لە مزگەوتەكەدا هەیە و وتاربێژەكەش مینبەری مزگەوتەكە جێدەهێڵێت، دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەڵێت، وتابێژەكە بە خۆبەخشی وتاری وتوەتەوە و وتارەكەشی ناڕەزایەتی و نیگەرانی نوێژخوێنانی لێكەوتوەتەوە.
بەپێی راگەیەنراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بۆ كۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەكان، وتاربێژی مزگەوتەكە گواستراوەتەوە بۆ ئاسایشی سلێمانی، بەڵام دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە كە هەندێك دەستەواژەی نەشیاوی بەرامبەر كوردانی رۆژاوا بەكارهێناوە كە بووەتە مایەی ناڕەزایەتی لای نوێژخوێنانی مزگەوتەكە.
ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، وتاربێژی خۆبەخشی مزگەوتەكە بە مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەی بەردەوامە.
هاوكات لە شاری كەلاریش وتاربێژی مزگەوتی دایك لە گەڕەكی گازینۆ، لەبارەی كوردانی رۆژاوای كوردستانەوە قسەی كردووە و وتەكانی ئەو مامۆستا ئاینییە لای نوێژخوێنان پەسەند نەبووە و لە ئاكامدا لەو مزگەوتەش گرژی دروستبووە و مامۆستا ئاینییەكە بۆ ئاسایشی گەرمیان گواستراوەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە