4 رۆژ پێش ئێستا
318 جار خوێنراوەتەوە
تەندروستیی لوبنان: لە هێرش و پەلامارەکاندا 1422 كەس کوژراون
پەیام
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان نوێترین ئاماری قوربانییانی هێرش و پەلامارەكانی سوپای قەوارەی زایۆنی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: هەزار و 422 شەهید و چوار هەزار و 294 بریندار بوون.
وەزارەتەكە لە ڕاپۆرتی ڕۆژانەی خۆیدا ئاماژەی بەوە كردووە "ژمارەی شەهیدان تەنها لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا گەیشتووەتە 54 كەس و ژمارەی بریندارانیش 156 كەس بووە".
لە ڕاگەیەندراوێكی فەڕمیشدا ئەوە خراوەتەڕوو "ئاماری گشتیی شەهیدان لە 2ی ئادارەوە تاكو چواری نیسان بۆ هەزار و 422 كەس و بریندارەكانیش بۆ چوار هەزار و 294 كەس بەرز بووەتەوە".
بە پێی ڕاگەیەندراوەكە "لە نێو كۆی كوژراوەكاندا 126 منداڵ و 93 ژن هەن، هەروەها لە نێو بریندارەكانیشدا 441 منداڵ و 500 ژن تۆمار كراون".
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە ڕاگەیەندراوێكی دیكەدا ئاشكرای كرد كە لە ئەنجامی هێرشێكی ئاسمانیی زایۆنی بۆ سەر شارۆچكەی "حەبوش" لە قەزای نەبەتییە، دوو كچ كوژراون و 22 هاووڵاتی دیكەش بریندار بوون.
دەستدرێژییەكانی قەوارەی زایۆنی بۆ سەر لوبنان لە 2ی ئاداری ڕابردووەوە ڕووی لە فراوانبوون كرد، ئەوەش دوای ئەوەی لە 28ی شوباتدا ئەمریكا بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو قەوارەیە دەستیان بە هێرش بۆ سەر ئێران كرد.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە