2 کاتژمێر پێش ئێستا
172 جار خوێنراوەتەوە
ئیسپانیا داوای هەڵپەساردنی ڕێككەوتنی بازرگانی نێوان یەكێتی ئەوروپا و ئیسرائیل دەكات
پەیام
ئیسپانیا هەنگاوە دیپلۆماسییەكانی دژی ئیسرائیل توندتر دەكات و داوای هەڵپەساردنی ڕێككەوتنی هاوبەشی نێوان یەكێتی ئەوروپا و تەلئەبیب دەكات بەهۆی جەنگی غەزە و لوبنانەوە.
حكومەتی ئیسپانیا لە هەڵوێستێكی بەرچاو و جیاوازدا بەراورد بە وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، زنجیرەیەك ڕێكاری توندی دژی ئیسرائیل گرتووەتە بەر. ئەم هەنگاوانە پاش پەرەسەندنی جەنگ لە غەزە و لوبنان دێن و وەك فشارێكی سیاسیی مەدرید بۆ سەر تەلئەبیب هەژمار دەكرێن.
ڕێكارە كردەییەكانی ئیسپانیا كشانەوەی هەمیشەیی باڵیۆزی وڵاتەكەی لە تەلئەبیب و قەدەغەكردنی هاتنی ئەو كەسانە لەخۆدەگرێت كە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، جگە لەوەی ڕێگری لە تێپەڕبوونی هەر چالاكییەكی پەیوەندیدار بە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمانی ئیسپانیادا دەكات.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆكوەزیرانی ئیسپانیا، لە نوێترین پەیامیدا داوای كرد یەكێتی ئەوروپا ڕێككەوتننامەی هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەسێرێت. ئەم ڕێككەوتننامەیە چوارچێوەیەكی بنەڕەتییە بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییە بازرگانی و سیاسییەكان و كار ئاسانی گەورە بۆ ئاڵوگۆڕی كاڵا و هاوكارییە زانستییەكان دەكات.
سانچێز جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە ئەم پێشێلكارییانە بەبێ لێپرسینەوە تێنەپەڕن.
لە بەرانبەردا بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی دەركردنی نوێنەرانی ئیسپانیای لە وڵاتەكەی دەركرد و ئیسپانیای بە تێكدانی ناوبانگی سوپای ئیسرائیل تۆمەتبار كرد.
نەتەنیاهوو ڕایگەیاند ئیسپانیا بەردەوامە لە گرتنەبەری هەڵوێست دژی ئیسرائیل و بەرگەی دژایەتی و دوژمنكارییەكانی ئیسپانیا ناگرن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە