2 کاتژمێر پێش ئێستا
124 جار خوێنراوەتەوە
میدیای ئەمریكا: نەتەنیاهوو ڕازی بووە دۆسیەی لوبنان لە دانوستانەكاندا باس بكرێت
پەیام
دوای گفتوگۆیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ترەمپ، نەتەنیاهوو ڕەزامەندیی سەرەتایی نیشان دەدات بۆ ئەوەی دۆسیەی لوبنانیش بخرێتە ناو ئەو دانوستانە ئاشتییانەی كە بڕیارە لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەبچن.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی (سی بی ئێس) ی ئەمریكی، دۆناڵد ترەمپ سەركەوتوو بووە لە قایلكردنی سەرۆكوەزیرانی قەوارەی زایۆنی، و ڕێنمایی حكومەتەكەی كردووە كە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیان لە لوبنان كەم بكەنەوە.
تۆڕە ئەمریكییەكە لە زاری چەندین سەرچاوەی دیپلۆماسییەوە ئاشكرای كرد، ئەم هەنگاوە ڕەزامەندییەكی سەرەتاییە تاوەكو لوبنانیش ببێتە بەشێك لەو دانوستانەی كە بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ بەڕێوەدەچێت.
لە بەرانبەردا، كەناڵی (7)ی عیبری لێدوانێكی جیاوازی نەتەنیاهووی بڵاوكردەوە، كە تێیدا بە فەرمی ڕەتیكردووەتەوە هیچ جۆرە ڕاگرتنێكی هێرشەكان لە بەرەی لوبناندا هەبێت، ئەمەش دوودڵی لەسەر چارەنووسی دانوستانەكان دروست كردووە.
پێشتریش سەركردایەتیی قەوارەی داگیركەر بە ئاشكرا ڕایگەیاندبوو، نیازیان هەیە هێرشە زەمینی و ئاسمانییەكانیان بۆ قووڵایی لوبنان فراوانتر بكەن، تا ئەو كاتەی توانای سەربازیی حزبوڵڵا بەتەواوی لەناو دەبەن. بەرپرسانی ئێرانیش جەخت لەوە دەكەنەوە، ئەگەر جەنگی سەر لوبنان ڕانەگیرێت، دانوستانی ئاشتی شكست دەهێنێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە