1 کاتژمێر پێش ئێستا
41 جار خوێنراوەتەوە
حـ.زبـ.وڵـ.ڵا: هاوكێشەكانی ناوچەكە گۆڕاون و ئیسڕائیل ناتوانێ پێشڕەوی بكات
پەیام
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا جەخت لە گۆڕانی هاوكێشەكانی ناوچەكە دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، بەرەنگاریی لوبنان لە بەرانبەر هێرشەكانی سوپای داگیركەردا سەلماندی كە دەتوانێت هەموو پلانە سەربازییەكان تێكبشكێنێت.
نەعیم قاسم ئەمینداری حیزبوڵڵا لە پەیامێكدا بۆ بەرپرسان و گەلی لوبنان ڕایگەیاند، قەوارەی زایۆنی لە ڕووی مەیدانییەوە نەیتوانیوە هیچ پێشڕەوییەكی گرنگ بكات.
ڕاشیگەیاند: توانای جەنگاوەرەكانیان بووەتە هۆی شڵەژانی پلانەكانی دوژمن و ناچاری كردوون چەندین جار ئامانجە سەربازییەكانیان بگۆڕن، چونكە بەرەنگاری نیشتمانی لەوپەڕی ئامادەییدایە و بەردەوامن لە هێرشە مووشەكی و درۆنییەكان بۆ سەر خاكە داگیركراوەكان، ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێی زۆریان لە ناو دڵی دوژمندا دروست كردووە.
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا هۆشداریی دا لە هەر جۆرە لەشكركێشییەكی سوپای ئیسرائیلی بۆ ناو لوبنان. هاوكات داوای لە بەرپرسانی وڵاتەكەی كرد، لە بەرانبەر نێوەندگیرییە نێودەوڵەتییەكاندا هیچ سازشێك نەكەن و لەژێر هیچ فشارێكدا ڕازی نەبن بە سەپاندنی مەرجی نوێ بەسەر لوبناندا.
نەعیم قاسم ڕاشیگەیاند: قۆناغی دوای ئەم جەنگە بە هیچ شێوەیەك لە پێشوو ناچێت و بەرەی بەرەنگاری بەهێزتر لە جاران دەردەكەوێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە