4 کاتژمێر پێش ئێستا
200 جار خوێنراوەتەوە
مه‌ڵبه‌ندی چه‌مچه‌ماڵ: حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا وه‌ك پێویست خزمه‌تیان به كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌نفال نه‌كردووه
بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِیمِ
یادى (38) ساڵه‌ى كاره‌ساتى ئه‌نفال
پڕۆسه‌ى به ناو ئه‌نفال، ئه‌و جینۆسایده گه‌وره‌یه بوو، كه ڕ‌ژێمى فاشیستى به‌عس، به‌سه‌ر گه‌لى كوردیدا هێناو له میانه‌یدا ده‌یان هه‌زار مرۆڤى سڤیلی كورد بوونه قوربانیى و به هه‌زاران گوند‌و شارۆچكه‌ى كوردستان وێران كران، ئه‌وى ڕۆژێ ئه‌م كاره‌ساته گه‌وره‌یه، له غیابى بێده‌نگییه‌كى گه‌وره‌و ترسناكى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌نجامدرا، زیاتر له‌وه‌ش چه‌ندان كۆمپانیاى ووڵاتانى ڕۆژئاوا چه‌كى كیمیایی قه‌ده‌غه كراویان به ڕ‌ژێمى به‌عس فرۆشتبوو.
حزبی به‌عس ده‌یویست له ڕێگه‌ى ئه‌م جینۆسایده گه‌وره‌وه، گه‌لى كورد قڕ كات و خه‌ون و ئامانجه ڕه‌واكانى ئه‌م گه‌له بۆ ئه‌به‌د زینده‌به‌چاڵ بكات، ده‌یویست له ڕێگه‌ى ئه‌م پڕۆسه‌یه‌وه ناوى ئیسلام و ئاینداریى لاى گه‌لى كورد بشێوێنێت، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ى خواستى به‌عسییه‌كان، پڕۆسه‌ى به‌ناو ئه‌نفال بووه ئه‌و گۆڕه‌ى كه به‌عسییه‌كان به‌ده‌ستى خۆیان بۆ خۆیان هه‌ڵكه‌ندو دواجار خۆیان بوونه په‌ندى زه‌مانه، ئایینى پیرۆزى ئیسلامیش به گه‌شاوه‌یی خۆى، له دڵی گه‌لی كورددا مایه‌وه.
به‌ڵام جێگاى داخه پاش تێپه‌ڕبوونى زیاتر له سێ ده‌یه به‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ساته گه‌وره‌یه، هێشتا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى ناوه‌ند، وه‌ك پێویست خزمه‌تیان به كه‌سوكار و قوربانیانى ئه‌م كاره‌ساته گه‌وره‌یه نه‌كردوه‌و به هه‌زاران ته‌رمى ئه‌و كاره‌ساته نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌و نه‌گێڕدراونه‌ته‌وه بۆ كوردستان و ناوچه‌كانى ئه‌نفالكراو وه‌ك پێویست ئاوه‌دان نه‌كراونه‌ته‌وه‌و هێشتا خزمه‌تى پێویست به وه‌ره‌سه‌كانى ئه‌نفال نه‌كراون، وه نه‌توانراوه ئه‌م كاره‌ساته گه‌وره‌یه بكرێته وێستگه‌یه‌ك بۆ ناساندنى سته‌مدیده‌یی گه‌لی كورد به دنیا.
ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵى دادگه‌ریى كوردستان له ساڵیادى ئه‌م پرۆسه له‌بیر نه‌كراوه‌دا، وێڕاى سه‌ركۆنه‌كردنى، به‌پێویستى ده‌زانین، كاربه‌ده‌ستانى هه‌رێم خه‌م له ئاینده‌ى هه‌رێمه‌كه بخۆن و نه‌یكه‌نه قوربانى به‌رژه‌وه‌ندییه حزبى و كه‌سییه‌كان و ڕێ و شوێنه دروسته‌كانى حوكمڕانى ڕه‌شید بگیرێته به‌ر، له‌پێناو دوورخستنه‌وه‌ى هه‌رێم له هه‌ر ئاینده‌یه‌كى نه‌خوازراو.بۆیه له‌م یاده‌و بۆنه‌یه‌دا داواكارین:
1. كاركردن بۆ به‌جینۆساید ناساندنی ئه‌م تاوانه له ئاستی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه.
2. كاركردن بۆ به‌دادگایی كردن و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه‌و ڕاده‌ستكردنی بكه‌رانی تاوانی ئه‌نفال.
3. هه‌وڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و گێڕانه‌ه‌وه‌ی ئازیزانمان بۆ زێدی خۆیان.
4. ئه‌رشیفكردنی به‌ڵگه نامه‌و دۆكۆمێنته‌كانی بۆ زیندوو هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م تاوانه.
5. قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ماددی و مه‌عنه‌وه‌ی و كه‌س و كاری ئه‌نفالكراوان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه.
6. گرنگی دانی زیاتر به‌ناساندنی به‌تاوانی جینۆسایدی گه‌لی كورد بدرێ له‌ناوه‌نده په‌روه‌رده‌یی و ئه‌كادیمیه‌كان.
7. خزمه‌تكردنی ئه‌و ناوچانه‌ی كه زیانیان به‌ركه‌وتوه له پرۆسه‌ی ئه‌نفال.
8. ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی گونده‌كان وگه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری پێیان
14-4-2026
مه‌ڵبه‌ندی چه‌مچه‌ماڵی
كۆمه‌ڵى دادگه‌ریى كوردستان
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە