کۆمەڵی دادگەری
2 کاتژمێر پێش ئێستا
191 جار خوێنراوەتەوە
بەسەرپەرشتیی مامۆستا عەلی باپیر، مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵ کۆ بووەوە
هەولێر؛ بەسەرپەرشتیی مامۆستا عەلی باپیر، مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵ کۆ بووەوە..
مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مامۆستا عەلی باپیر لە شاری هەولێر و لە مەکتەبی بەڕێزیان کۆ بووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، باس لە دۆخی چەقبەستووی هەرێمی کوردستان و ململانێی لایەنەکانی دەسەڵات کرا.
مەکتەبی سیاسیی پێیوایە، ئۆباڵی ئەم بارودۆخە نەخوازراو و پڕقەیرانە؛ لە ئەستۆی هەردوو پارتی دەسەڵاتدارە کە بە هۆی سیاسەتی خراپی چەندین ساڵی ڕابردوویانەوە، بوونەتە هۆی پەکخستنی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان و، بەتایبەتیش پەرلەمان.
کۆبوونەوە جەختی کردەوە، هەر لە سەرەتاوە؛ کۆمەڵی دادگەری بۆچوونی خۆی لە بارەی خولی شەشەمی پەرلەمانەوە بە ڕوون و ڕاشکاوی ڕاگەیاند و وتمان، ئەو پەرلەمانە بە هۆی ساختەکاری و دیزاینی پێشوەختەی ژێربەژێرەوە، سەرپێ ناکەوێ و، ئەوەتا ئێستا هەمووان ڕاستیی قسە و بۆچوونەکانی ئێمە لەسەر ئەرزی واقیع دەبینن.
سەبارەت بە ڕاسپاردنی بەڕێز عەلی زەیدی لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگی، مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری، پێشوازی لە بڕیاری چوارچێوەی هەمانگی دەکات و، هیوادارین لە ئاستی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە قورسەی ئەمڕۆی عێراقدا بێت.
ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیەوە هەیە، مەکتەبی سیاسی داوا لەو هێزە کوردستانییانە دەکات کە بەشداریی حکومەتی داهاتووی عێراق دەکەن، نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی کوردستان بکەن و دوور بکەونەوە لە بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و کەسی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بکەنە مەرجی بەشداری.
دەربارەی بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەش؛ پێمانوایە دۆخەکە لەوە ناسکتر و ئاڵۆزترە کە بیری لێ دەکرێتەوە و بەرگەی جەنگێکی دیکە ناگرێت.
دەخوازین گفتوگۆ و ڕێککەوتن ببێتە بەدیلی شەڕ و ماڵوێرانی و قەیران.
بۆ هەرێمی کوردستانیش گرنگە، پارێزگاری لە سیاسەتی بێلایەنبوونی خۆی بکات و، نەبێتە بەشێک لە هیچ شەڕ و پیلانگێڕییەک کە ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان هەڵیان گیرساندووە.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەشدا؛ گفتوگۆ لە بارەی ناوخۆی کۆمەڵی دادگەری کرا و مەکتەبی سیاسی بڕیاری پێویستی سەبارەت بە کاری تەشکیلاتی هەندێک لە ئۆرگانەکانی دا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە