17/10/2026
990 جار خوێنراوەتەوە
كۆمەڵی دادگەری: بەغدا و هەرێم باری سەرشانی هاووڵاتییان قورستر دەكەن
پەیام
بە سەرپەرشتیی مامۆستا عەلی باپیر، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەری كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە هەولێر ئەنجام دا و لە میانیدا دۆخی دژواری هاووڵاتیان و هەلومەرجی سەختی ناوچەكەی خستە بەر باس.
كۆبوونەوەكە هۆشداری دا لەوەی بە هۆی ئاگری شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێران، ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر هەنگاو دەنێت، ئەمەش بووەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی قەیرانەكانی سەر شانی هاووڵاتیان قورستر ببن، بەتایبەتی بەهۆی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار كە نرخی كاڵا و پێداویستییەكانی بەرز كردووەتەوە و هاووڵاتیانی ڕووبەڕووی سەختیی زیاتر كردووەتەوە، لەكاتێكدا دەبوو حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لەگەڵ دەرچوونی ئەو بڕیارە، ڕێوشوێنی بۆ رێگری لە گرانبوونی شتومەك و سووتەمەنی بگرتایەتە بەر".
ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵ ئاماژەی بەوەش كرد "بەهۆی نزیكبوونەوە لە وەرزی سەرما و زستان، نرخی سووتەمەنی بەشێوەیەكی گوماناوی بەرز بووەتەوە و هاووڵاتیان ناتوانن دەستیان پێی بگات، ئەمەش دیسان بەرپرسیارێتیی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمە كە ڕێگەچارە بۆ ئەم پێداویستییە سەرەكییەی هاووڵاتیان بدۆزێتەوە و خۆی لێ نەدزێتەوە".
لەسەر ئاستی دەرەكیش، ئەنجوومەنی سەركردایەتی نیگەرانیی قووڵی بەرانبەر بە بڕیارەكەی حكوومەتی ئازەربایجان بۆ قەدەغەكردنی پۆشینی سەرپۆش و حیجاب لە ناوەندەكانی خوێندن دەربڕی و بە هەنگاوێكی دژ بە بنەماكانی ئازادی ناوی برد، داواشی لە حكوومەتەكانی ناوچەكە كرد ڕۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان ئەو پێشێلكارییەیان بۆ سەرنەچێت.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا و لەبارەی پرسە ناوخۆییەكانی حیزب، ئەنجوومەنی سەركردایەتی چەندین بابەتی تایبەت بە ڕێكخستنەكانی كۆمەڵی دادگەری تاوتوێ كرد و بڕیاری پێویستی لەبارەیانەوە وەرگرت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە