21 خولەک پێش ئێستا
98 جار خوێنراوەتەوە
ڕۆژنامەی مەدا: هێشتا میلیشیاكان لە جورفولسەخر ماون
پهیام
ڕۆژنامەی مەدا بڵاویکردەوە، سەڕەرای گەیشتنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ ناوچەی جورفولسەرخر، هێشتا کەتائیبی حزبوڵڵا لە ناوچەکەدا ماون و دەسەڵاتیان هەیە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە پێنج ڕۆژ دوای چوونی هێزە حکومییەکان بۆ جورفولسەخر، هێشتا کەتایبی حزبوڵڵا لە بەشێکی ناوچەکەدا دەسەڵاتیان ماوە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق نەیانتوانیووە بچنە ئەو شوێنانەی کە کەتائیبی حزبوڵڵای تێدا جێگیرە.
ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات، تەنها لیوای ٣٨ی سوپا لە باکووری ڕۆژئاوای ناوچەکە بڵاوەی پێکراوە و پۆلیسی فیدڕاڵیش تەنها شوێنی هێزەکانی گۆڕیوە بەبێ ئەوەی ناوچەی دیکەی جورفولسەخر کۆنترۆڵ بکات، هەروەها هێزەکانی دژە تیرۆریش لە ناوچەکەدا نین.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە دوو هەزار ئەندامی کەتائیبەکان لە ڕێگەی لیواکانی ٧٢ و ٧٩ـەوە خراونەتە سەر میلاکی فەرمیی حەشدی شەعبی و مووچەکانیان کەوتووەتە سەر بودجەی دەستەی حەشد.
بەپێی هەمان سەرچاوە، کەتایبی حزبوڵڵا کەرەستەی سەربازیی بردووەتە ڕۆژئاوای ئەنبار و کەربەلا و بنکەی نوێی داناوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئەمریکا و ئێران. هەروەها بنکە سەرەکییەکانیان لە جورفولسەخر هێشتا چالاکە و ڕاوێژکاری ئێرانی و حوسیشیان تێدایە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەم بە فەرمانی عەلی زەیدی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە سوپا، حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدڕاڵی چوونە ناوچەی جورفولسەخر و بە وتەی خۆیان دەسەڵاتی ناوچەکەیان گرتە دەست.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە