2 کاتژمێر پێش ئێستا
138 جار خوێنراوەتەوە
بانکی ناوەندیی عێراق خزمەتگوزارییەکی ئەلیکترۆنی بۆ گۆڕینەوەی پارەی تێکچوو کارا دەکات
بانکی ناوەندیی عێراق کاراکردنی سیستەمێکی نوێی ئەلیکترۆنیی بۆ گۆڕینەوەی دراوی تێکچوو لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "ئور" ڕاگەیاند، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕۆتین و خێراکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراق، هاووڵاتییان دەتوانن لەمەودوا لە ڕێگەی پلاتفۆرمی نیشتمانیی "ئور" داواکارییەکانیان بۆ گۆڕینەوەی دراوی شیاونەبوو پێشکەش بکەن، بە جۆرێک دوای پڕکردنەوەی زانیارییە داواکراوەکان، فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی بانکی ناوەندی ڕێکارە داراییەکان بۆ وەرگرتنەوەی پارەی نوێ جێبەجێ دەکەن. هاوکات بانکەکە ڕێنمایی و مەرجەکانی تایبەت بە گۆڕینەوەی ئەو جۆرە دراوانەی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاوکردووەتەوە تا بەکارهێنەران پێشوەختە ئاگاداری ڕێکارەکان بن.
بانکی ناوەندی جەختی کردەوە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژیی گۆڕینی سیستەمی دارایی بۆ دیجیتاڵی، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کات و ماندووبوونی هاووڵاتییان و بەرزکردنەوەی ئاستی متمانە و کارایی خزمەتگوزارییە بانکییەکان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە